بۆ یەکەمجار مازدا لقێکى خۆى لە سلێمانى دەکاتەوە
ناوەندى نێودەوڵەتیى دارایى و بازرگانى سلێمانى دەباتە قۆناغێکى نوێ
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
چاوەڕوان دەکرێت، ناوەندى نێودەوڵەتیى دارایى و بازرگانى، سلێمانى بباتە قۆناغێکى نوێ لە رووى دارایى و بازرگانى، چونکە چەندین بانک و کۆمپانیاى گەورەى عێراقى و جیهانى، لق و نوسینگەکانیان لەو ناوەندە دەکەنەوە.
شاد فیکرەت، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى ناوەندى نێودەوڵەتیى بۆ دارایى و بازرگانى بە 964ـى وت،”ناوەندەکە لە مانگى 2ـى ئەمساڵ، کرایەوە کە تێیدا پارێزگارى بانکى ناوەندى لە مەراسیمى راگەیاندن و ناساندنى ئامادەى بوو”.
ناوەندەکە دەبێتە کۆکەرەوەى لق و ئۆفێسى بانک و کۆمپانیا ناوخۆیى و عێراقى و جیهانییەکان، جگە لە کردنەوەى دەیان نوسینگەى ئاڵوگۆڕى دراو کە پاڵپشتى بانکى ناوەندى عێراقیان دەبێت.
بەوتەى شاد فیکرەت، ناوەندەکە، رووى سلێمانى لە بوارى بازرگانیى و دارایى دەباتە ئاستێکى جیهانى، چونکە بەشێک دەبێت لە بازاڕى دارایى و بازرگانى عێراق.
ئاشکراشى کرد، لە نزیکترین کاتدا، هەردوو بانکى رافیدەین و رەشید، لقى خۆیان لە ناوەندەکە دەکەنەوە، ئەوە جگە لە کردنەوەى دەیان نوسینگەى ئاڵوگۆڕى دراو.
“بۆیەکەمجار لە عێراق، کۆمپانیاى ئۆتۆمۆبێلى مازداى یابانى، لقى خۆى لە ناوەندەکە دەکاتەوە کە هەردوو بەشى فرۆشتن و سێرڤس لەخۆى دەگرێت”، شاد فیکرەت واى وت.
ناوەندەکە جگە لە بازاڕە دارایى و بازرگانییەکەى، بەوتەى شاد فیکرەت،”دەبێتە نێوندێک لەگەڵ بانکەکان بۆ پێدانى قەرزى بچوک و مامناوەند بە گەنجان بۆ ئەوەى پڕۆژە بچوک و مامناوەندەکانیان جێبەجێ بکەن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح