وێنەیەکی رۆژنامەنووس کاروان کەلاری
"با هۆکاری دەستگیرکردنی ئاشکرا بکرێت"
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سۆراغی رۆژنامەنووس کاروان کەلاری دەکات
964+
شۆڕش قادری
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای سۆراغی رۆژنامەنوس کاروان کەلاری دەکات و بەپێویستی دەزانێت، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا بکرێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت، رۆژنامەنووس کاروان کەلاری لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە گەرمیان بردراوە، بۆ ئەو مەبەستە لە رێگەی نووسینگەی گەرمیانی مافی مرۆڤ، بەدواداچوونمان کرد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و سەندیکای رۆژنامەنوسان لە سنوورەکە، بەڵام تا ئێستا بەڕەسمی وەڵامیان نەداینەوە”.
داوایش دەکات، هەرچی زووە زانیاری لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ کەسوکاری و رای گشتی ئاشکرا بکرێت و ئەوانیش بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و سۆراغکردن و لەنزیکەوە چاودێری کەیسەکە دەکەن.
کاروان کەلاری، رۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری کازیوە میدیا لە کەلار، لە کاتژمێر 6ـی ئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە، کەسوکارەکەی لێی بێ ھەواڵ بوون و مۆبایلیشی داخرابوو، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگادارکرانەوە کە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.