"964 بە مۆبایل کار دەکات"
کارکردنی پەیامنێرانی 964 وەک وانەیەک لە بەشی میدیا دەخوێندرێت
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە بەشی تەکنیکی میدیاى زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، دەزگای میدیایی 964 کراوەتە نمونەیەک و شێوازی کارکردنی بەوانەیەک بە خوێندکاران وترایەوە، لە وانەکەشدا پەیامنێری 964 ئامادە بووە بۆ ئەوەی بەکردار شێوازی کارى پەیامنێرانى 964 بۆ خوێندکاران روون بکاتەوە.
محەمەد موسەوی، مامۆستاى بەشى تەکنیکى میدیا لە زانکۆى پۆلەتەکنیگى هەولێر، لە وانەى پراکتیکیەى خۆى، شێوازى کارکردنى تۆڕى پەیامنێرانى 964ـى کردووە بە نمونە کە چۆن لە رێگاى مۆبایلەوە کار دەکەن.
ئەو بە 964ـى وت،”964 دەزگایەکى گەورەیە و هەموو کارەکانیشى بە مۆبایل دەکات، ئەمەش دەرخەرى ئەو راستییەیە کە مەرج نییە کارى گەورە ئامێرى گەورەى لەپشت بێت، دەکرێت بە بیرۆکەى گەورە و ئامێرى سادە، بتوانى کارى گەورە بکەیت”.
بە بڕواى محەمەد موسەوى، ئەو ستایلەى 964 پەیڕەوى دەکات، کۆکردنەوەى چەند کارێکە لە یەک کەسدا، ئەمەش وادەکات خوێندکارانى میدیا بەرچاوڕوون بن کە مەرج نییە بۆ کارکردن تەنیا ئامێر و پێداویستى گەورەت هەبێت.
هەر لە وانە پراکتیکییەکەدا، دەشتى عارف پەیامنێرى 964 ئامادەیى بوو و شێوازى کارى پەیامنێرانى 964 بە پراکتیکى بۆ خوێندکاران شیکردەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح