سوپا رێگە بە میدیا نادات

عەرەبى هاوردە دەستى بەسەر گوندێکى کورد لە دووبزدا گرتووە

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

دۆخێکی نائاسایی و پڕ لە گرژی لە گوندی عەلەغێر سەر بە قەزای دوبزی پارێزگای کەرکوک، کە دەکەوێتە 55 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کەرکوکەوە، هاتووەتە ئاراوە، عەرەبی هاوردە، جگە لە داگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی خەڵکی رەسەنی گوندەکە، ئێستا دەستیان کردووە بە داگیرکردنی ناو گوند و رووخاندنی خانووی دانیشتووانە کوردەکان، بە ئامانجی دەربەدەرکردنی دوا ماڵی تاقانەی گوندەکە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، دانیشتوانى رەسەنی گوندی عەلەغێر بگەڕێنەوە گوندەکەیان و گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی داگیرکاریی عەرەبی هاوردە رێکبخەن.، تیمی 964 و چەندین دەزگای راگەیاندنی دیکە بۆ روماڵکردنی گردبوونەوەکە ئامادە بوون، بەڵام دوای پشکنین و لێپێچینەوەیەکی ورد لە بازگەی بایە حەسەن لەلایەن سوپای عێراقەوە، سەرجەم رۆژنامەنووسان گەڕێندرانەوە و رێگەیان پێنەدرا بچنە ناو گوندەکە.

فەتاح مەحمود، تاکە دانیشتووی ماوەی گوندی عەلەغێر، بە 964ـی راگەیاند: “لە ساڵانی حەفتاکاندا گوندەکەمان نزیکەی هەزار ماڵی تێدا بوو، بەڵام بەهۆی گۆڕانی بارودۆخ و دامەزراندنی گەنجەکانمان لە شوێنەکانی دیکە، چەند ماڵێکی کەم تێیدا مابوو، بەڵام لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا تەنیا یەک ماڵی تێدا ماوە کە ماڵی منە و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریم.”

دەشڵێت: “عەرەبی هاوردە دەستیان بەسەر زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیدا گرتووە، بەوەشەوە نەوەستاون، دوو رۆژ لەمەوبەر جارێکی دیکە هاتنە ناو گوندەکە و نێوان ماڵەکانمان و شۆستەکان و شوێنە قەدەغەکراوەکانیشیان کێڵا، هەروەها دیواری چەند خانوویەکیشیان رووخاندەوە.”

فەتاح مەحمود ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو عەرەبانەی دەستیان بەسەر زەوی و گوندەکەیاندا گرتووە، دانیشتووی گوندی چرتکن و دوو بران و بە بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی و بە چەک و ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دێنە بەردەم ماڵەکەی و هەڕەشەی لێدەکەن بۆ ئەوەی بێزاری بکەن و ناچاری بکەن گوندەکە چۆڵ بکات.

سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، فەتاح مەحمود باسى لەوەکرد، لە ئێستادا سوپای عێراقی لە گوندەکە بڵاوەی پێکراوە و بەڵێنی ئەوەیان پێداوە کە چارەسەری کێشەکە بکەن، پێشیان وتووە دەبوو بەر لەوەی رۆژنامەنووسان ئاگادار بکەیتەوە، سوپات ئاگادار بکردایە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەهاوکارى سوپا؛ عەرەبى هاوردە بۆ دابەشکردنى زەوى جوتی...

بەهاوکارى سوپا؛ عەرەبى هاوردە بۆ دابەشکردنى زەوى جوتیارانى کورد لە تەپە سەوزن