پڕۆژەی وەبەرهێنانیان هەیە

وه‌به‌رهێنه‌رانی ئیمارات لە هەولێرن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

شاندێكی پیاوانی كار و وەبەرهێنەرانی ئیماراتی گەیشتنە هەولێر، ئاشكرایان كردووە پڕۆژە و كاری بازرگانی و وەبەرهێنانیان بۆ هەولێر بەدەستەوەیە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24.11.2025 پارێزگاری هه‌ولێر، پێشوازی لە شاندێک له‌ پیاوانی كار و وه‌به‌رهێنه‌رانی دەوڵەتی ئیماراتی كرد، كه‌ سه‌ردانی دیوانی پارێزگا هه‌ولێریان كرد.

بە پێی راگەیاندراوی پارێزگاری هه‌ولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاندووە، كه‌ لێكتێگه‌یشتنی زۆرباش له نێوان هه‌ردوولادا له‌ ‌ئارادایه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی ستراتیژی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، كه‌ به‌ كۆتاییهاتنیان، هه‌ولێر ده‌چێته‌ قۆناغێكی زۆر پێشكه‌وتوو.

هەروەها ئەوەش باس كراوە، شاندی پیاوانی كار و وه‌به‌رهێنه‌رانی دەوڵەتی ئیمارات ئامانجی سەردانەکەیان ئه‌نجامدانی كۆمه‌لێك كاری وه‌به‌رهێنانه‌ له‌ هه‌ولێر، “هه‌ڵبژاردنی هه‌ولێریش له‌و روانگه‌وه‌یه‌ كه‌ شارەكە پێشكه‌وتنی نه‌وعی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ و ئارامی و سه‌قامگیری باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه” لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.

باسی ئەوەش كراوە، كە پارێزگاری هه‌ولێر، له‌چوارچێوه‌ی یاسا رێگه‌پێدراوه‌كانی هه‌رێم، ئاماده‌یی هه‌موو ئاسانكاریه‌كی بۆ شانده‌كه‌ نیشانداوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پێشتر دەستەی وەبەرهێنان بڵاویكردووەتەوە، زیاتر لە150 کۆمپانیاى ئیماراتى لە هەرێمى کوردستان هەن، لە بوارەکانی نەوت و گاز و کشتوکاڵەوە کاردەکەن.

لە مانگی ئەیلولی رابردووش شاندێكی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی سەعید موبارەک ئەلهاجری، وەزیری دەوڵەت و نێردەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری تایبەت بە هەرێمی کوردستان، هاتنە و هەولێر، ماوەیەكی زۆریشە هەرێمی كوردستان و ئیمارات پەرەیان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوانیان داوە و بەردەوامیشە.

شەش هەزار تۆن پەتاتەی هەولێر هەناردەی ئیمارات دەکرێت

شەش هەزار تۆن پەتاتەی هەولێر هەناردەی ئیمارات دەکرێت