ئێستا پڕە لە زبڵ و ماوەیەکی تر لەبەر نەورۆز پاکیدەکەنەوە

964+
زەید کۆچەر – بەردەڕەش

پارکی نەورۆز لە قەزای بەردەڕەش کە ساڵانە یادی نەوروزی تێدا دەکرێتەوە و کەسایەتیە حکومی و سیاسییەکان سەردانی دەکەن، لە ئێستادا بووەتە زبڵخانە و خەڵکی ناوچەکە گلەییان لە خزمەتکردنی هەیە.

لەوبارەیەوە، سیروان حەسەن سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش تایبەت بە تۆڕی 964ی وت “ئێمە بەردەوام وەکو شارەوانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای MRF کە تایبەتە بە خاوێنکردنەوەی ناو قەزای بەردەڕەش چاودێری شوێنە گشتییەکان دەکەین و ناهێڵین شوێنەکان پیس بکرێن، بەڵام پارکی نەورۆز خەڵکی سەردانی دەکەن و خاشاکەکانیان تیادا فڕێدەدەن”.

ئەو لە رێگەی تۆڕی 964 داوای کرد خەڵکی شوێنەکە پیس نەکەن و بە پاکی بیهێڵنەوە.

قەزای بەردەرەش نزیکەی 120 هەزار کەسی لێی نیشتەجێیە و تا ئێستا دوو پارک لەناو سەنتەری قەزاکە هەیە.