"چۆڵى بکەن"

شارەوانى ژمارەیەک دوکاندارى دەورووبەرى سەرا ئاگادار دەکاتەوە

964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

شارەوانى سلێمانى، دووکاندارانى دەورووبەرى سەرا( سەرەتاى شەقامى ئۆرزدى و سەرەتاى شەقامى سابونکەران)، ئاگادار دەکاتەوە کە چۆڵى بکەن.

وەک ئەوەى دوکانداران بۆ 964 باسیان کردووە، شارەوانى بە نوسراوێک ئاگادارى کردوون کە چۆڵى بکەن، چونکە بەشێک لە دوکانەکانى سەرا و سەرەتاى شەقامەکانى ئۆرزدى و سابونکەران تێکدەدرێن.
بەوتەى ئەوان، ئەو دوکانانە دەکەونە بەر پڕۆژەى “سەراى گەورە” کە بە دیزاینێکى نوێ دروست دەکرێت.

کاوە حەمەئەمین، دوکاندارێکى ئەو گوزەرەیە و بۆ 964 وتى،”ئێمە لە پەنجاکانى سەدەى رابردووەوە لێرە کەسابەت دەکەین و کرێ دەدەین، ژیانى خۆمان و منداڵمان لەسەر ئەو دوکانانەیە، ناکرێت بە وەرەقەیەک تێکبدرێت و هیچ حسابێکمان بۆ نەکرێت”.
وەک باسى دەکات، ئەوان دژى نوێگەرى و دروستکردنى هیچ پڕۆژەیەک نین، بەڵام با دوکانەکانیان لە چوارچێوەى پڕۆژەکە بەشێوەیەکى نوێ دروستبکرێن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح