خاڵی قسەی بۆ 964 کردووە
“گەنجەکەی کەلار خۆی لەناو ئاودا خنکاوە؛ کەسیش دەستگیر نەکراوە”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
خاڵی ئەو گەنجەی کەلار کە دوای شەش رۆژ لە ونبوونی تەرمەکەی لەناو رووباری سیروان دۆزرایەوە، دەڵێت، گەنجەکە خۆی لەناو ئاودا خنکاوە و کەسیش لەسەر ئەو کەیسە دەستگیر نەکراوە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەى رابردوو، گەنجێک بەناوی مەھدی محەمەد، تەمەن 25 ساڵ و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیا لە زانکۆی گەرمیان، لە ماڵ چووەدەر و بێسەروشوێن بوو، دوێنێ دوای شەش رۆژ تەرمەکەی لەناو رووباری سیروان دۆزرایەوە و دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی لە هەردوو پزیشکی دادی کەلار و سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 23.11.2025 لە گۆڕستانی کەلار کۆن بەخاکسپێردا.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن چەند کەسێکی نزیکی ئەو گەنجە دەستگیر کراون، دلێر ئەحمەد خاڵی مەهدی بە 964ـی وت، “ھیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، تەنیا چەند ھاوڕێیەکی نزیکی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دوێنێ تەرمەکەیان دۆزییەوە، وەک شایەتحاڵ بانگ کراون بۆ لێکۆڵینەوە، ھەر دوێنێش ھەمویان گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان”.
“بەپێی لێکۆڵینەوەکان کوڕەکەمان هیچ ئاسەوارێکی فیشک یان لێدان بەجەستەیەوە نەبووە و ئەم گەنجە هەر خۆی کەوتووەتە ناو ئاو و خنکاوە”، دلێر ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەهدی پێش گیانلەدەستدانی هیچ پەیوەندییەکی نە بە تەلەفۆن و نە لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ نەچووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری