گردبوونەوە
جوتیارانی کەرکوک داوای شایستە دارایەکانیان دەکەن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
جوتیارانى سنوورى کەرکوک بە کورد، عەرەب و تورکمانەوە گردبوونەوە و داوا دەکەن شایستە داراییەکانى پێدانى گەنمەکانیان وەربگرن.
گردبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 23.11.2025، بەبەشدارى ژمارەیەک لە جوتیاران لەبەردەم سایلۆى کەرکوک بەڕێوەچوو.
وەک ئەوەى باسى دەکەن، زیاتر لە پێنج هەزار جوتیار، گەنمیان رادەستى سایلۆ کردووە، بەڵام تائێستا تەنیا دوو هەزار جوتیار شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە.
بەوتەى عەبدوڵا محەمەد کە جوتیارێکى کوردى سنوورى کەرکوکە، چیتر ناتوانن چاوەڕێ بکەن، وا وەرزى نوێى چاندن دەستێدەکاتەوە، بەڵام هێشتا حەقى رەنج و ماندوبوونى ساڵى پاریان وەرنەگرتووە.
ئەو بۆ 964 جەختى لەوەکردەوە، ئەمە کۆتا جارە کە بە هێمنى و گردببنەوە، جارێکى تر تراکتۆر و ئامێرەکانیان دەبەن و رێگا دەگرن.
لاى خۆیەوە، عەبدوڵا میر وەیس سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـى وت،”جوتیاران مافى خۆیانە، بەڵام کێشەکە تەنیا لە کەرکوک نییە و لە هەموو پارێزگاکانى دیکە هەمان کێشە هەیە و پەیوەستە بە نەبوونى نەختینە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، قۆناغى یەکەم، ئەوەى تاکوو 25 تۆن گەنمى هەبووە شایستەکانیان وەرگرتووە، قۆناغى دووەم ئەوەى لە 25 بۆ 50 تۆن گەنمى رادەست کردووە ئەوانیش وەریان گرتووە، ئەوەى ماوەتەوە ئەو جوتیارانەن کە سەروو 50 تۆن گەنمیان رادەست کردووە.
” ئێمە نوسرا بۆ بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی پەلە بکات لە پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران”، عەبدوڵا میر وەیس واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح