كەركوک
بۆ خوێنی كوڕەكەی چووەتە دادگا و داوای پارەی قەرزی كارەبا و تەلەفۆنی لێدەكەن
964+
كاروان ساڵحی
باوكی هاوڵاتییەكی كوژراو لە كەركوك، چووەتە دادگا بۆ ئەوەی مافی كوڕەكەی بە یاسایی وەربگرێ، كەچی پێیان وتووە بڕۆ ئەستۆپاكی لە دائیرەكانی كارەبا و ئاو و تەلەفۆن بهێنە، ئینجا مامەڵەی كەیسەكەی بۆ دەكەن.
رۆژی 7ی ئەم مانگە گەنجێكی كورد لەسەر دەمەقاڵییەكی كۆن لە لایەن پۆلیسێكی ئیتیحادی، كە عەرەبی هاوردەشە، بە چەقۆ كوژرا و بكوژ هێشتا نەگیراوە و رایكردووە.
وەلید نوری، باوكی كوژراوەكە، ئەمڕۆ شەممە 22.11.2025 بۆ تۆڕی 964 باسی كرد، چووەتە دادگا داوای كردووە بكوژ دەستگیر بكرێ و مافی كوڕەكەی وەربگیرێتەوە، كەچی پێیان وتووە بڕۆ ئەستۆپاكی لە دائیرەكانی ئاو و كارەبا و تەلەفۆنات بهێنە، ئینجا مامەڵەی كەیسی كوڕەكەی بۆ دەستپێدەكەن.
باوكی كوژراوەكە دەڵێت، ناكرێ لە كەیسێكی وا گەورە دادگا خەریكی ئەو شتە لاوەكییانە بێت، “بیست ساڵ پێش ئێستا تەلەفۆنی ماڵەوەمان هەبووە و ئێستا دەمێكە نەماوە، نازانم ئەوە چ پەیوەندی بە كەیسی كوشتن و مامەڵەی دادگا هەیە”.
وەلید نوری داوا دەكات دادگا بكوژەكە بگرێت و بە حەقی یاسایی خۆی بگەیەنێت، دەشڵێت، بكوژ پۆلیسی ئیتیحادییە و عەرەبی هاوردەیە و پێشینەی تاوانیشی زۆرە و پێشتریش زیندانی كراوە، بەڵام ئێستا هەڵاتووە و دەستگیر نەكراوە.
پێداچوونەوە؛ ئەرسەلان