کۆتا ساڵى زانکۆیەتى

گەنجەکەى کەلار چوار رۆژە بێ سۆراغە و تەنیا ماتۆڕەکەى دۆزراوەتەوە

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 16.11.2025ـەوە، گەنجێکی دانیشتوی گەرەکی کەلاری کۆن لە قەزای کەلار، لەماڵ دەچێتە دەرەوە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە و هیچ سۆراغێکى نییە، بەڵام دوێنێ ماتۆڕەکەى لە نزیک کەلار دۆزرایەوە.

محەمەد خالی، باوکی گەنجەکەیە بە 964ـى وت،”دوێنێ سێشەممە لە کاتژمێر 4ـى ئێوارە، لەرێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ماتۆڕی کوڕەکەم لە خوارەوەی پردەکەی گردەگۆزینە کەمێک لەدوری کارگەی بلۆکەکەوە دۆزرایەوە، بەڵام تا ئێستا خۆی ھیچ سۆراغێکی نییە”.

“ئەوەی لە کامێراکان دەرکەوتوە کوڕەکەم خۆی بەتەنیا بووە تا ئەو جێگایە ھیچ کەسێکی لەگەڵ نەبووە، عەلاگەیەکی پێبوو پێدەچوو شەربەت و پسکیت بێت، بەڵام نازانین لەدوای ئەو شوێنەی ماتۆڕەکەی جێھێشتوە کەس ھەبووە چاوەڕێی بکات یان ھەر بەتەنیا رۆشتوە”،محەمەد خالی وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھیچ ئاسەوارێکی شکان و خوێن بە ماتۆڕەکەوە نەبووە، جگە لە ماتۆڕەکەشی ھیچ شتێکی دیکەی نەدۆزراوەتەوە، مۆبایلەکەشی تەلەفۆنی بۆناچێت.

باوکی گەنجەکە وتیشی،”لە دوێنێوە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان لەو ناوچەیە دەگەڕێین بەڵکو کوڕەکەم بدۆزینەوە، تا ئێستاش بەردەوامین لە گەڕان، داواش لە ھاوڵاتیان دەکەم ھەرکەس بینی لە رێگەى ئەو ژمارەیەوە 07719930805، پەیوەندیمان پێوە بکات”.

گەنجەکە ناوی مەھدی محەمەدە، تەمەنی 25 ساڵە و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیایە لە زانکۆی گەرمیان، باوکی پێشتر بە 964ى وتبوو،”کوڕەکەیان ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ماڵەوە نەبووە، دوای ئەوەی پەیوەندیەکی بۆھاتوە، لەماڵ رۆشتۆتە دەرەوە بە ماتۆڕەکەی و ناشزانن کێ پەیوەندی پێوەکردوە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى بۆ هات چووه‌ ده‌ر و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌"