كۆڕبەندی مێپس لە دهۆک

جەنەڕال مەزڵوم عەبدی: ئێستا كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی ئاشتی دەگێڕێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، رێككەوتنی 11ی ئادار چارەسەری كێشەكان لە سوریا دەكات و پشتی 15 ساڵیش شەڕ لە سوریا، ئیتر نابێت دەسەڵاتێكی ناوەندی لە سوریا هەبێت.

مەزڵوم عەبدی ئەمڕۆ چوارشەممە 19.11.2025 لە شەشەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست “مێپس” لە زانكۆی ئەمریكی – دهۆك بەشدارە و بە تەنیا لەسەر ستەیج بۆ ئامادەبووان قسەی كرد.

مەزڵوم عەبدی وتی، ئاشتی و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە، ئێمە دەمێكە لە شەڕداین، بەڵام ئێمە ئەوەمان ئەزموون كرد، كە دوای شەڕ هەر دەبێت دیالۆگ بكرێت، تەنانەت ئەگەر لە شەڕیش براوەبیت، هەر دەبێت دیالۆگ بكەیت.

وتیشی، بەشار ئەسەد دیالۆگی رەتدەكردەوە و دەیەوێست دەسەڵاتی بە تەنیا مەركەزی بێت، بۆیە گەلی سوریا راپەڕین و رووخاندیان، ئێستاش لەسەر مافی كورد لەگەڵ حكومەتی سوریا گفتوگۆ دەكەین و ئیتر نابێت دەسەڵاتێكی مەركەزی لە سوریا هەبێت.

جەنەڕال عەبدی وتی، “ئێستا كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی ئاشتی دەگێڕێت، ئێمە پاڵپشتی لە ئاشتی لە توركیا دەكەین و هەرچی لە توانای ئێمەشدا بێت كەمتەرخەمی ناكەین”.

“سلێمانی و هەولێر 15 ساڵە پشتگیری رۆژئاوا دەكەن، ئەمڕۆش بەردەوامن و تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان هاوكارن، بە تایبەتی سەرۆك مەسعود بارزانی”، مەزڵوم عەبدی وای وت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی رێككەوتنی 10ی ئاداری كرد و ئاماژەی بەوەدا رێككەوتنەكە رێگەی لە شەڕ گرت و رۆحی تۆڵەسەندنەوەی نەهێشت و رێگریی لە پێشێلكاری بە كورد كرد.

“لە سەرەتای رووداوەکانی سوریا و هەڵگیرسانی شۆڕش، ئێمە لە دژی شەڕ بووین و تا شەڕمان بەسەردا نەسەپێنرا، شەڕمان نەکرد، لەمەودوا رێگەی دیالۆگمان هەڵبژاردووە و پێویست ناکات چیدیکە شەڕ بکەین. ئەمە بۆچوونی ئێمە و هەموو گەلی سوریایە، چونکە بە شەڕ کێشەکان چارەسەر نابن”، ئەمەش بەشێكە لە قسەكانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە.

شەشەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست “مێپس” لە زانكۆی ئەمریكی – دهۆك ئەمڕۆ سێیەم رۆژیەتی و كۆتایی دێت.

سێیەمین و كۆتاڕۆژی كۆڕبەندی مێپس لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

سێیەمین و كۆتاڕۆژی كۆڕبەندی مێپس لە دهۆک بەڕێوەدەچێت