ژنان لە بارەی پیاوانەوە چی دەڵێن
رۆژی جیهانیی پیاوانە و ئەوانیش ئاگایان لێ نییە
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
19.11ـی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی پیاوان دەستنیشانکراوە، بۆ ئەو رۆژە لە ژنانمان پرسی جوانترین و ناشرین سیفاتی پیاو چییە و لە پیاوانیشمان پرسی ئاگاداری رۆژێکی ئاوان و ئایا هەست بە چی دەکەن؟
ئەو پیاوانەی بۆ 964 قسەیان كردووە، ئاگایان لەوە نەبوو رۆژێكی تایبەتی جیهانی بە پیاوان هەیە، هاوكات پرسیارمان لە ژنان كرد سەبارەت بەو سیفەتانەی لە پیاواندا جوانن و ئەو سیفەتانەشی كە ناشیرنن.
محەمەد سیامەند، هاوڵاتییە و بە964ـی وتی، “رۆژی جیهانی ژنانم بیستووە، بەڵام نەمبیستووە پیاو رۆژێکی هەبێت و ئەو قۆژەش مانایەکی تێدا نابینم و جیاوازی نییه”.
زەینەب ئیسماعیل، خوێندکارە و بە 964وتی، “جوانترین سیفاتی پیاو ئەوەیە کەم لێت توڕە بێت و زوو لێت تێبگات، ناشیرین سیفاتیشیان درۆکردن و بێ رێزیکردنە بەرامبەر ژنان”.
حەلیمە میران، خوێندنکاری زانکۆیە و رای خۆی بە 964 وت، “ئەوەی من تێبینیم کردووە لە پیاوان ئەوەیان زۆر جوانە کە پارێزگاری لە کەسێک دەکات کە کەسەکە لاوازە و ناتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات، کاتێکیش بابەتێک زیاد لە رادەی خۆی گەورە یان بچوک دەکات، ئەوەیان سیفاتە ناشیرینەکەیانە”.
مامۆستا گۆران سابیر بۆ 964 قسەی کرد و وتی، ” پێشتر تەنیا گوێم لەناوی رۆژی جیهانیی ژنان ببوو، نەمزانیوە رۆژێکی وا هەیە تایبەت بێت بە پیاوان و ئەو رۆژەش وەکو رۆژانی ئاساییە لەلام”.
پەیوەند سەمەد، خوێندکارێکی داخ لە دڵە و بە964ـی وت، ” ئاگادار نەبووم رۆژێکی تایبەت بە ئێمە هەبێت و شتێکی نوێ بوو بۆم، هیچ جیاوازییەکیش نییه کە لە رۆژەدا هەبێت، چونکە فەرامۆش کراوین و هیچ یادێک لەو رۆژە ناکرێتەوە”.
راز حەمەرەشید، خوێندکاری زانکۆیە و بۆ 964 دوا و وتی، “جوانترین سیفاتی پیاو کە بینیبێتم ئەوە وەفایە، کە لە باوک و براکانم بینیوە، بێگومان پیاویش سیفاتی ناشیرینی هەن، بەڵام چونکە هیچ سیفاتێکی ناشیرینم لە چوار دەورەکەم نەدیووە”.
گەشبین مستەفا، خوێندکارە و دەڵێت، “جوانترین سیفاتی پیاوان لای من ئەوەیە پیاوی ماڵەوە و پیاوی دەرەوەش بێت، سیفاتێکی ناشیرینی پیاوانیش ئەوەیە لە دەرەوە نەرم و نیانە و لە ماڵەوە توندوتیژە”.
لە کۆتاییشدا ئاشتی رواندزی، کە چالاکوانە، بۆ 964 وتی، “سیفاتێکی جوانی پیاوان هاوسەنگی راگرتنە لە نێوان خێزان و ماڵی باوکی و راستگۆش بێت، لای من سیفاتی ناشیرین نییه لە پیاودا، بەڵام خاڵی لاواز هەیە، ئەویش بێڕێزی و دەنگبەرزکردنەوەیە بە تایبەت بەرامبەر ژنان”.
19ـی تشرینی دووەمی هەموو سالێک بە رۆژی جیهانیی پیاوان دیاری کراوە لە لایەن پرۆفیسۆڕ دکتۆر جیرۆم تیلوکسینگ کە 19ـی تشرینی دووەمی هەڵبژارد بۆ رۆژی پیاوان ئەو رێكەوتەش وەکو رێزگرتنێک بوو لە باوکی، کە لەو رۆژەدا لە دایک بووە، ئەو نەک تەنیا ئەم رۆژەی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو کردەوە بەڵکو باسی کێشە، جۆراوجۆرەکانی کرد کە رووبەڕووی پیاوانی جیهان دەبنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا