پاشكۆ چییە و كەی دەكرێت؟
عێراق لە ئیماراتی بردەوە و گەیشتە پاشكۆی جیهانی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵبژاردەی عێراق دواجار گرەوەكەی لە ئیمارات بردەوە و لەدواساتەكانی یارییەكەی نێوانیان توانی بە 2-1 گۆڵ لێی بباتەوە، بەمەش بۆ یارییەكانی پاشكۆی جیهانیی سەركەوت.
یارییەكە لە بەسڕە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی نزیكەی 70 هەزار كەس بەڕێوەچوو، گێمی یەكەمی بەبێ گۆڵ بوو، لە گێمی دووەمدا سەرەتا ئیمارات گۆڵی بەهۆی یاریزان كایۆ تۆمار كرد، بەڵام موهەنەد عەلی كە گێمی دووەم وەك یەدەگ بەشداریی كرد، توانی گۆڵی یەكسانبوونی تۆمار كرد.
یارییەكە لە ساتەكانی كۆتاییدا كە 10 خولەكی بۆ زیادكرا، پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراوی بەخۆیەوەبینی و لە دواساتەكاندا ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ عێراق ژمارد و عەلی حەمادی كردییە گۆڵی بردنەوە و یارییەكەش تەواو بوو.
یاریی چوون كە لە ئەبوزەبی كرا، بە 1-1 گۆڵ كۆتایی هاتبوو، بەم ئەنجامەش بە 3-2 گۆڵ عێراق براوەبوو، گەیشتە پاشكۆی جیهانیی پاڵاوتنەكان.
پاشكۆی جیهانی كەی دەكرێت؟
بەپێی رۆزنامەی فیفا، رۆژی 20ی ئەم مانگە تیروپشكی پاشكۆی جیهانی رادەكێشرێت بە بەشداریی شەش هەڵبژاردە، یارییەكانیش لە مانگی ئاداری داهاتوو لە مەكسیك دەكرێت و لەوێدا دوو تیپ بۆ مۆندیالی 2026 سەردەكەون.
تا ئێستا هەڵبژاردەكانی عێراق، بۆلیڤیا، كۆنگۆی دیموكراتی و نیو كالیدۆنیا بۆ پاشكۆ سەركەوتوون و دوو تیپی دیكەش لە ئەمریكا باكوور و كۆنكاكافەوە دێن، كە هێشتا دیار نەكەوتوون.