حەوزی ماسیی - وێنە: 964
"سەرپێچییە"
لە تەواوی عێراق 12 هەزار حەوزی ماسی لابراون
964+
ئەحمەد مستەفا
لەبارەی ئاڵەنگاری سەرپێچییە ئاوییەکان، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، کە 12 هەزار حهوزی ماسیی سەرپێچیکاریان لە چوارچێوەی هەڵمەتی لابردنی سەرپێچییەکان لابردووە.
خالید شهماڵ، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە پێگەی فەرمی حکومەتی ووتووە، هەڵمەتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ لابردنی سەرپێچییەکان لەسەر رووبارەکان بەردەوامە، بە تایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە دەستکاریکردنی دەرچەکانی ئاو و دانانی پەمپەکانی ئاو بە شێوەیەکی ناڕەسمی هەیە.
تیمەکانی وەزارەتەکە توانیویانە، 12 هەزار حهوزی ماسیی سەرپێچیکار لاببەن.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە سەرپێچییە ئاوییەکان بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئاڵنگارییەکان دادەندرێن کە رووبەڕووی کاری وەزارەتەکە دەبێتەوە، بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر دابەشکردنی پشکی ئاو و جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵییەکان و بەردەوامبوونی ئاوی خواردنەوە.
وتەبێژەکە دەڵێ، سەرپێچییەکان بریتی بوون لە دروستکردنی حهوز بۆ بەخێوکردنی ماسی بە شێوەیەکی نایاسایی، و دانانی پەمپ لەسەر ستوونی رووبارەکان، سەرەڕای سەرپێچیکردن لەسەر پشکی ئاوی هاوڵاتییان، و هەندێک جار لەسەر مافی پارێزگاکان لەسەر حسابی یەکتری، کە کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵییەکان و مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی ئاوی خواردنەوە هەبووە.
وەک باسی دەکات، وەزارەتەکە سەرکەوتوو بووە لە چارەسەرکردنی زۆربەی سەرپێچییەکان لە پارێزگاکانی بەغدا، بابل، سەڵاحەدین، ئەنبار و زۆربەی پارێزگاکانی تر، بە جیاواز لە پارێزگای میسان کە هێشتا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری مەترسیدار دەبێتەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی حهوزی ماسییە نایاساییەکان.