"چاوەڕێی رەحمی خوداین"

لە گەرمیان جارێ پەڵەی نەداوە و جوتیاران دەستیان بە چاندنی دانەوێڵە کردووە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوو روژ پێش ئێستا شەپۆلێکی باران بارین ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە بەشێک لە شارەکان باران بارین بەردەوامی ھەبوو، بەڵام لە گەرمیان تەنیا رۆژێک باری و جارێ پەڵەی نەداوە لە سنوورەکە، بەڵام جوتیاران دڵخۆشن بە بارانەکە و لە ئێستاوە زەویەکانیان کێڵاوە و دانەوێڵەیان چاندووە.

رزگار محەمەد، جوتیارێکی گوندی بەرلوتە لە قەزای کەلار بە 964ـى وت، ”لەخوا بەزیادبێ باران باریوە و دڵمان خۆشە، بەڵام جارێ پەڵەی نەداوە و چاوەڕێی رەحمی خوداین بارانی دیکە ببارێت و پەڵە بدات”.

“لەمڕۆوە دەستمانکردووە بە چاندنی دانەوێڵە، بەراورد بە پار نزیکەی 10 رۆژێک چاندنی دانەوێڵە دواکەوتووە، بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ درەنگ باران باریوە، بەڵام بێ ئومێد نین لە رەحمی خوا”، رزگار محەمەد وای وت.

سیروان ئەحمەد، شۆفێری تراکتۆرە و کاری جوتکردن دەکات بۆ 964 وتی، ”ئەمساڵ باران دواکەوتووە بە خەرماشە جووت دەکەین، جیاواز لە ساڵەکانی دیکە بە سێ گاواسن جوتیان دەکرد”.

“وتیشی، باران زۆر نەباریوە و پەڵەی نەداوە زەوی تێر ئاو نەبووە، سێ گاسن زەویەکە زۆر دەکێڵێت لەوکاتەش خۆڵی وشک دەھێنێتە سەرەوە، بۆیە خەرماشەکە باشترە بۆ ئێستا”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

جوتیارانی گەرمیان بەری رەنج و ماندوبونەکانیان وەردەگر...

جوتیارانی گەرمیان بەری رەنج و ماندوبونەکانیان وەردەگرن