هاندەرانی یانەی زاخۆ
وردەكارییەكە لە 964 بخوێنەوە
سبەی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی یانەی زاخۆ رادەگەیەندرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە سبەی لە هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ سەرخستنی یانەی زاخۆ لە پێشبڕكێی جیهانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەر رابگەیەندرێت، بەپێی زانیارییەكانی 964 سەرۆكی یانەكانی دیكەی كوردستانیش ئامادە دەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی هەرێمی كوردستان سەردار ئیسماعیل، ئەمڕۆ یەكشەممە 16.11.2025 بە 964ی راگەیاند، سبەی كاتژمێر 12:00 لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش هەڵمەتێكی فراوانی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی لە یانەی زاخۆ دەستپێدەكەین.
وتیشی، بڕیارە بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری، ئەمینداری لیژنەی ئۆڵمپیی كوردستان، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، هەروەها سەرۆكی یانەكانی زاخۆ و هەولێر و دهۆك، لەگەڵ سكرتێری یانەی نەورۆز و چەند لایەنێكی دیكە ئامادەبن، بۆ ئەوەی بەیەكەوە هەڵمەتەكە رابگەیەنین و كاری بۆ بكەین.
“كارەكە هەر ناوەندە وەرزشییەكان ناگرێتەوە، بەڵكو وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار و لایەنی دیكەش دەگرێتەوە و ئەوانیش لە پرۆسەكە بەشدار دەبن”، سەردار ئیسماعیل وای وت.
هاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی “فیفا” هەڵبژێردراون بۆ بەدەستهێنانی باشترین هاندەر لە سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی 2025، لەگەڵ دوو لایەنی دیكەش ركابەرن، بەدەستهێنانی خەڵاتەكەش لە رێگەی دەنگدانی خەڵكەوەیە بە رێگەی ئۆنلاین لەسەر ئینتەرنێت، كە تا چەند رۆژێكی دیكە دەرفەت ماوە.
هاوكات ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لای خۆیەوە دەنگی بە یانەی زاخۆ دا و داوای لە هاوڵاتیانی كوردستانیش كرد دەنگ بدەن و بە هەمووان هاندەرانی زاخۆ سەربخەن.
یانەی زاخۆ جگە لەوەی بە شێوازی هاندان و ئەو تیفۆ و لافیتانەی دروستی دەكەن، ناوبانگێكی زۆریان لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئاسایی بەدەستهێناوە، بەهۆی ئەنجامدانی كارێك، كە هەڵدانی 30 هەزار بووكەڵە بوو بۆ ناو یاریگە بۆ دڵخۆشكردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە، بوونە جێی سەرنجی فیفا و چوونە ناو پێشبڕكێی بردنەوەی باشترین هاندەری ئەمساڵ.