ئیدانەکەشی کردووە

فەرماندەیی زێرەڤانی: زوو لێکۆڵینەوە لەهێرشی سەر ماڵی پێشمەرگەکەمان بکرێ

964+

ئەحمەد مستەفا

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی تەقەکردن لە ماڵی پێشمەرگەیەکی ئیدانە کرد و داوا دەکات، لایەنە ئەمنییەکان لە قەزای دوبز، داوای کرد “بە زووترین کات رێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنەبەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیەنرێت”.

رۆژی شەممە 15.11.2025، بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەیی زێرەڤانی بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکوک.

لەوکاتەدا، خۆی لە ماڵەوە نەبووە بەڵام بەربژێرەکەی تەقەدووم دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی پێشمەرگەکە کردووە، فەرماندەی زێرەڤانی دەڵێ،”خانەوادەکەی ئازار داوە”.

هەر ئێوارەى دوێنێ، ئەو پێشمەرگەی هێرشى کرایەسەر لەگەڵ دایکى و هاوسەرەکەیى و چەند ئەندامێکى هێزەکانى پۆلیس، سکاڵایان دژى پەرلەمانتارەکە و پاسەوانەکانى جوڵاند، هەر لەسەر ئەو رووداوە شەوى رابردوو بارەگاى تەقەدووم لە قەزاکە داخرا.

شەش پاسەوانى ئەو پەرلەمانتارەش دەستگیرکران کە دوانیوەڕۆى دوێنێ شەممە، بەچەک هەڵیکوتایە سەر ماڵى پێشمەرگەیەکى زێرەڤانى لە گەڕەکى گوڵانى قەزاى دووبز.

ڕاگەیێندراوێک لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە
ڕۆژی شەممە ۱٥ـی ۱۱ـی ۲٠۲٥، بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەییمان بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک. هەرچەندە خۆی لە ماڵەوە نەبووە بەڵام بەربژێرەکەی تەقەدووم دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی پێشمەرگەکەمان کردووە و خانەوادەکەی ئازار داوە.
ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەین بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنە بەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت.
دووپاتی دەکەینەوە کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ناوبراو دەگرینە بەر، ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکەینەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە. هاوکات پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی
16/11/2025