"هەر باران ببارێ ئاوهایە"
حاڵ و وەزعی عەلوەی هەولێر دوای بارانبارین خراپە و قوڕ و لیتە دایپۆشیوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لەگەڵ یەکەم بارانبارین، قوڕ و لیتە عەلوەی هەولێری داپۆشیوە، کاسبکارانیش دەڵێن، “ئەوە وەزعمانە، بە زستان قوڕاو و بە هاوینیش تۆز و خۆڵە”.
حامید عەبدولڕەحمان کاسبکارێکی ناو عەلوەی هەولێر بە 964ـی وت، “هەر باران ببارێت ئاوهایە، چارەمان نییە و ناچارین بەناو قوڕ کەوین، ئەگەر بارانیش نەبارێت، تۆز و خۆڵێکی زۆر بەرز دەبێتەوە و بۆنێکی پیسی دێت”.
باسی لەوەشکرد، هەرچەندە جاربەجار خاوێن دەکرێتەوە، بەڵام وەک پێویست نییە و دوکاندارەکانیش پاک و خاوێنی راناگرن و پاشماوەکانیان فڕێدەدەن، بۆیە وای لێدێت.
سەبارەت بەو بابەتە، رەعد رەزا ئەندامی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بە 964ـی وت، رۆژانە عەلوە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی خاوێن دەکرێتەوە بەڵام هەر خێرا پیس دەبێتەوە، لە وەرزی سەرما و بارانبارینیش قوڕ و لیتە کۆدەبێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری