هێشتا فیشەک لە ناو جەستەیدایە
بە هۆی تەقەی خۆشییەوە منداڵێک لە رانیە بریندار بوو
964+
باخان تۆفیق
دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ههڵبژاردنى ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، دوێنێ شەو 11.11.2025 بەشێک لە لایەنگرانی حزبە سیاسیەکان لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی دڵخۆشی بۆ رێژەی دەنگدەری حزبەکانیان، تەقەی خۆشییان کرد و لە ئەنجامیشدا لە قەزای رانیە منداڵێک بریندار بوو.
لەم بارەیەوە تەها محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین بە 964ی وت، “رووداوەکە دوێنێ شەو بووە و منداڵێكی کوڕی تەمەن 11 بە برینداری گەیەندراوەتەوە فریاکەوتنی رانیە و شوێنەوارەی فیشەک بە جەستەیەوە هەبووە، دوای وەرگرتنی چارەسەرە سەرەتاییەکان، نێردراوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی”.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی منداڵەکە، تەها محەمەد وتی، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ نەشتەرگەری بۆ کراوە و دەوترێ تەندروستی جێگیرە، بەڵام نەتوانراوە فیشەکەکە لە جەستەی دەربهێنرێت”.
لەسەر هەمان رووداو وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەرین شۆڕش ئیسماعیل بە 964ی راگەیاند،”هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە و هیچ ڕووداوێکی هاوشێوەش تۆمارنەکراوە لە بەڕێوەبەرایتیەکەمان”.