لە هەرێمی کوردستان

زیاتر لە 2000 زیندانی لە دەنگدان بێبەش بوون

964+

باخان تۆفیق

بەپێی زانیارییەکانمان لە 964 ئەمڕۆ لە کۆی گشتی زیاتر لە دوو هەزار زیندانی رێپێدراو بۆ دەنگدان لە کۆی 6 چاکسازی نەیانتوانیوە دەنگ بدەن و دوای بەدواداچونێکی تایبەت زانیمان، بریارەکە پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنە و پێشێلکردنی مافی زیندانیە رێپێدراوەکانە.

هەر لەم بارەیەوە ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی بە 964ی راگەیاند،” لە کۆی شەش چاکسازی هەرێم ماوەی دوو ساڵە هیچ زیندانیەک نەیتوانیوە دەنگ بدات، ماوەی زیاتر لە مانگێکە نووسراوی فەرمیمان بۆ کۆمیسیۆنی عێراق ناردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک نەبوو، بۆیە کەس لە زیندانەوە ناتوانی دەنگ بدات.”

بۆ دەستکەوتنی وەڵامی پرسیاری چۆن و کەی ئەم بڕیارە دراوە؟ نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بێ هیچ روونکردنەوەیەکی ورد بە 964ی وت، “لە ساڵی 2024 وە زیندانیان ناتوانن دەنگبدەن”.

هەروەها ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن بابەتەکە بە پێشێلکاری ناوزەند دەکات و بە 964ی راگەیاند، “بەپێی یاسا ئەو زیندانیانەی سزاکانیان ماوەکەی کەمە و بەتایبەت خوار پێنج ساڵە دەتوانن دەنگ بدەن بەڵام ئەم بڕیارە کەی و چۆن دراوە ئەوە پێشێلکاری مافی ئەو زیندانیانەیە، کە مافی دەنگدانیان هەیە”.

لە هەمان کاتدا ئومێد مەحمود یاساناسە و بە 964ی وت،”بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەو زیندانیانەی سزاکانیان کەمە و سزای قورسیان لەسەر نییە و دەنگدان دەیانگرێتەوە مافی دەنگدانیان هەیە و بە پێچەوانەوە ئەوانەی سزاکانیان قورسە لە هەموو ئەو مافانە بێبەش دەکرێن”.

دوابەدوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی تایبەت رۆژی 11-11-2025 دیاریکراوە بۆ دەنگدانی گشتی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تێیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لەم هەڵبژاردنە زیاتر لە حەوت هەزار کاندید رکابەری لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.

به‌ تەكنەلۆجیایه‌كی نوێ پرۆسەی هەڵبژاردنى په‌رله‌م...

به‌ تەكنەلۆجیایه‌كی نوێ پرۆسەی هەڵبژاردنى په‌رله‌مان ده‌پارێزرێت