بە وەرزش دووربە لە شەكرە و شێرپەنجە

“ماراسۆنەكەی زاخۆ تەنیا 25 خولەكی خایاند”

+964

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.11.2025 کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی زاخۆ ماراسۆنێکیان ئەنجامدا، تێیدا زیاتر لە 350 کەس لە تەمەنی جیاجیاوە لە ژێر ناونیشانی ” راکە، فێرببە، تەندروست بژی ” بەشداربوون، ماراسۆنەكە خێرا و لەتەنیشت پردی دەلالەوە لەسەر لێواری خابوور بە درێژایی دوو کیلومەتر بەڕێوەچوو.

لە ماراسۆنەكەدا گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی زاخۆ د. دیار هالۆ و ژمارەیەک بەڕێوەبەر و ژمارەیەكی زۆریش لە هاوڵاتیان و وەرزشوانان بەشداربوون.

د. نەوفەل رەمەزان، راگری کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی زاخۆ بە 964 وت، مەبەستیان لە سازدانی ماراسۆنەكە، زیاتر هۆشیاریی تەندروستی بوو لە بارەی نەخۆشییەكانی شەکر و شێرپەنجە و فشاری خوێن، كە بە هاوڵاتییان بگەیەنین.

وتیشی، “ماراسۆنەكە زۆر كاتی نەگرت و تەنیا 25 خولەك بوو، كە بۆ ئەوە بوو بە خەڵك بڵێین رۆژانە بەشێكی كەمی كاتتان بۆ وەرزش تەرخان بكەن، بۆ ئەوەی لە نەخۆشییەكانی شەكرە و شێرپەنجە و فشاری خوێن بەدووربن و ئەوانەی تووشیش بوون دەتوانن سوودی لێ وەربگرن”.

ئەیمەن نوعمان، سەرکەوتووی یەکەمی ماراسۆنەکە لە ئاستی پیاوان بە ی964 وت، “زۆر دڵخوشم پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، تەندروستییەكی باش و پلەی یەكەم و كەشێكی خۆشی كۆڕنیشی زاخۆ، ئەوانە هەمووی بۆ من دەستكەوتە”.

ماوەی دوو ساڵە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی زاخۆ بەردەوام چالاکی لەم شێوەیە دەکات بە مەبەستی ئەوەی هۆشیاری لای خەڵک پەیدا ببێت لە بارەی نەخۆشییەکانی درێژخایەنەكان، بەمەش بەردەوام و بە مەیدانی لەناو هاوڵاتییاندا پشکنین ئەنجامدەدەن و رێنماییان پێشكەش دەكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

خاوەن پێداویستی تایبەتە و بەشداری ماراسۆنی کردووە

خاوەن پێداویستی تایبەتە و بەشداری ماراسۆنی کردووە