لە رۆژى دەنگدان
ئەگەر ناتەوێت دەنگەکەت بفەوتێت پێویستە وریاى چەند رێنماییەک بیت
964+
وریا فەتاح
رۆژى 11.11.2025، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەرتاسەرى عێراق بەڕێوە دەچێت، بەڵام زۆر جار لە کاتى دەنگدان، دەنگدەر بەهۆى هەڵەیەک یان نەشارەزاییەوە دەنگەکەى دەفەوتێت.
رێکخراوى پەیمانگاى کوردى بۆ هەڵبژاردن کە رێکخراوێکى تایبەتمەندى بوارى هەڵبژاردنە، رێمایى پێویست بە رۆژى دەنگدانى بڵاوکردەوەتەوە بۆ ئەوەى ئەگەر کەسێک بە ویستى خۆى دەنگەکەى پوچەڵ نەکرد، بتوانێت دەنگەکەى بە دروستى بدات.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەرى رێکخراوەکە بە 964ـى وت،”بە سێ رێگا دەنگەکەت دەفەوتێت و بە سێ رێگاش دەتوانى دەنگێکى دروست بدەیت”.
رێگاکان ئەمانەن:
جۆرەکانى دەنگدانى دروست:
یەکەم: دەنگ بە یەک لیست و بە یەک کاندید درابێت.
دووەم: تەنیا دەنگ بەیەک لیست درابێت و بەهیچ کاندیدێک نەدرابێت.
سێیەم: دەنگ بەیەک لیست و بە چەند کاندیدێک درابێت، لەوکاتەدا دەنگە دروستەکە تەنیا بۆ لیستەکە دەڕوات.
جۆرەکانى دەنگدانى نادروست:
یەکەم: دەنگ بە زیاتر لە لیستێک درابێت.
دووەم: دەنگ بە لیست نەدرابێت، بەڵام بە کاندیدێک یان زیاتر درابێت.
سێیەم: هیچ دەنگێک نەدرابێت و کارتەکە بەتاڵ بێت.
بەوتەى ئارام جەمال، یەکێک لە کێشەکانی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان زۆریی ژمارەی دەنگی پووچەڵ بوو، کە ژمارەیان لەسەر ئاستی بازنەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا (206,434) دەنگی پووچەڵ بوو، بەم شێوەیەی خوارەوە:
– بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر: (86,819) دەنگی پووچەڵ.
– بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی: (85,462) دەنگی پووچەڵ.
– بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک: (29,239) دەنگی پووچەڵ.
– بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە: (4914) دەنگی پووچەڵ.