شارەزوور
گەیشتوون بە سەرەداوێک؛ لەبارەى رشتنى مادە رەشەکە
964+
بڕوا مەجید- شارەزوور
ماوەى دوو هەفتەیە لە سنوورى زەڕایەن و قەزاى شارەزوور، لێرە و لەوێ مادەیەکى رەشى بۆن ناخۆش لەسەر زەویى جوتیاران و پێدەشتەکان دەڕژێندرێت، کە جگە لە بۆنە ناخۆشەکەى مادەکە بڵق دەدات و دەکوڵێت، بەڕێوەبەرى ناحیەى زەڕایەن وێڕاى پیشاندانى مەترسى مادەکە، دەڵێت: “گەیشتووین بەسەرەداو”
ئاوارە حەمە شەریف، بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەن، بە 964ـى وت”ماوەی دووهەفتە زیاترە لە سنوورەکەمان چەن بارێک لە مادەی رەش دەڕێژرێت کە تا ئێستا یەکلای نەبۆتەوە چی مادەیەکە، بەڵام دوای ئاگاداربونمان لەم حاڵەتانە هێزە ئەمنیەکانمان ئاگادارکردۆتەوە و لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی زەڕایەنەوە داوای یاسایمان تۆمارکردووە و تائێستا سێ پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان لەدادگای لێکۆڵینەوەی شارەزوور تۆماکردووە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، لەرێگەى کامێراکانى چاودێرى و بەدواداچوونەکانیان گەیشتوون بەچەند سەرەداوێک، بەڵام بڕیارى دادگاى پێویستە بۆ ئەوەى رێکارى پێویست بگرنەبەر.
“سوپاسى 964 دەکەم کە هەر لەسەرەتاوە ئاشکراى کرد و هۆشداریدا لە مەترسییەکانى ئەو مادەیە و هۆشیارکردنەوەى خەڵک و ئاگادارکردنەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەوەش نیشانەى خەمخۆریان”، ئاوارە حەمە شەریف واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح