گەڕاندنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە لیبیاوە - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
بۆچی گەنجانی راپەڕین رێگای لیبیا دەگرنەبەر؟
“ئەمساڵ زیاتر لە 300 کۆچبەری کورد گەڕێندراونەتەوە کوردستان”
964+
شۆڕش قادری
چەند ساڵێکە بەهۆی پێنەدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی سنووری سلێمانی لەلایەن تورکیاوە، گەنجانی دەڤەری راپەڕین بۆ گەیشتن بە ئەوروپا رێگای لیبیایان گرتووەتەبەر، لەو رێگایش مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەبێت.
بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان بە 964ـی وت، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 300 کۆچبەری کورد لە وڵاتانی تونس و لیبیاوە لەڕێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمەوە گەڕێندراونەتەوە کوردستان، کە زۆربەی هەرەزۆریان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون، بۆ ئەوەش ئێمە بەردەوام لەسەر خەت بووین”.
سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی کە بۆچی ئەو گەنجانە رێگای لیبیا دەگرنەبەر، بەکر عەلی وتی، هەرچەندە ئەو گەنجانە دەزانن کە ئەو رێگایە رێگایەکەی مەترسیدارە و لەکاتی دەستگیرکردنیان لەلایەن میلیشاکانەوە یان حکومەتەکانی تونس و لیبیاوە ئازار و ئەشکنجەی زۆر دەدرێن، بەڵام چونکە لە ئێستادا هیچ رێگایەکی تریان لەبەردەستدا نییە، ئەو رێگایە دەگرنەبەر.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان زیاتر روونیکردەوە و وتی، ساڵانی رابردوو گەنجانی کوردستان لەڕێی تورکیاوە و کەناراوەکانی ئەو وڵاتەوە خۆیان دەگەیاندە یۆنان و ئیتاڵیا، یان هەر لە تورکیاوە و لەڕێی وشکانییەوە دەچوونە بوڵگاریا، بەڵام چونکە لە ئێستادا لەلایەن باڵیۆزخانەی تورکیاوە ڤیزا نادرێت بە هاوڵاتیانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، بە ئیدارەی راپەڕینیشەوە، بۆیە ئەو رێگایە دەگرنەبەر.