مادۆرۆ: ترەمپ دەیەوێت بە بیانووی ماددەی هۆشبەر وڵاتەكەمان داگیر بكات

ترەمپ رەتیكردەوە هێرش بكەنە سەر ڤەنزوێللا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەربازیی دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، بڕیاری هێرشکردن لە ناوخۆی ڤەنزوێللادا بدات، سەرۆكی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ترەمپ بە بیانووی شەڕی ماددەی هۆشبەر وڵاتەكەیان داگیر بكات و دەست بەسەر نەوتەكەیدا بگرێ.

پەیامنێرێک دوێنێ هەینی لە ناو فڕۆكەی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە دۆناڵد ترەمپی پرسی، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بیر لە هێرشکردنە سەر ڤەنزوێللا دەکەیتەوە، ئایا ئەوە راستە”، ترەمپ لە وەڵامدا وتی: نەخێر.

پەیامنێرەكە فشاری كرد بۆ ئەوەی وەڵامێكی باشتری دەستكەوێت و پرسی ئایا بڕیارێک دراوە یان نا بۆ ئەمە، ترەمپ وتی “نا، ئەوە راست نییە”.

لە رۆژانی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، “ئێمە تەنیا ئەو کەسانە دەکوژین کە ماددە هۆشبەرەکان دەهێننە ناو وڵاتەکەمانەوە”.

هەروەها ئەوكات ترەمپ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینیشی خستەڕوو، بەبێ ئەوەی ناوی ڤەنزوێللا بخاتەڕوو.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، بەڵگەنامەکان ئاشکرایان کردووە، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێللا نامەیەکی دارشتووە و داوای مووشەک و رادار و فڕۆکەی پێشکەوتووی رووسیای کردووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “ڤەنزوێللا داوای یارمەتی لە مۆسکۆ و بێجین دەکات لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا لە کەنارەکانی کاریبیدا کۆدەبێتەوە”.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، ترەمپ رێوشوێنی لە دژی ڤەنزوێلا و مادۆرۆی سەرۆکەکەی گرتووەتە بەر، دیارترینیان پاداشتی ئەو کەسانەی کە زانیارییەکانیان ببێتە هۆی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێللا بۆ 50 ملیۆن دۆلار دوو هێندە کردووە.

لە چەند مانگی رابردوودا واشنتۆن بەشێوەیەکی بەرچاو، بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەی کاریبی زیاد کردووە و گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانی لەگەڵ چەک و کەشتییەکانی دیکە لە نزیک ڤەنزوێللا جێگیر کردووە.

هەروەها ئەمریکا کەشتییەکی جەنگی بە مووشەکەوە رەوانەی پایتەختی ترینیداد و تۆباگۆ کردووە، کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە ڤەنزوێلاوە دوورە.

ترەمپ سەرۆكی ڤەنزوێللا بە تێوەگلانی راستەوخۆ لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە تۆمەتبار دەکات، بەڵام مادۆرۆ ئەمە رەتدەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات، واشنتۆن شەڕی ماددە هۆشبەرەکان دەکاتە بیانوویەک بۆ گۆڕینی رژێم و دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی بەرفراوانی نەوتی ڤەنزوێللا.

ترەمپ: پەیوەندییم لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكوور زۆر باشە

ترەمپ: پەیوەندییم لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكوور زۆر باشە