دەمانەوێ بزانین، "لادێیە یان شار"

نەبوونی خزمەتگوزاریی دانیشتووانی هاموون سیتی نیگەران کردووە

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هاموون سیتی لە کۆیە لە ساڵی 2009ـەوە دەست بە درووستکردنی کراوە و بڕیاربوو لە ساڵی 2014 کلیل بدرێت بە خاوەنەکانیان، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت پڕۆژەکە کەموکوڕی زۆرە و کۆمپانیاکە جێی هێشتووە.

ئەوانەی یەکەیان کڕیوە، لەساڵی 2017ـەوە خۆیان چوونەتە ناوی کارەکانیان تەواو کردووە، دانیشتوویەکی پڕۆژەکە دەڵێن، وەک نوکتەی لێهاتووە نازانین ئێرە گوندە یاخود شارە، قایمقامی کۆیەش دەڵێ، مەلەفی ئەو پڕۆژە لای وەبەرهێنانی هەولێرە و لای ئێمە نییە.

بەڕێز ئیسماعیل دانیشتوویەکی پڕۆژەی هاموون سیتیە و بە 964ـی وت، پڕۆژەکە پڕیەتی لە کەم و کوڕی، قوتابخانە و مزگەوتمان نیە، رێگای قیرتاومان نیە، جگە لەوەش خانووەکانمان بەشێکی زۆری درزی تێبووە و کۆن بووە، تەنیا ئەوانە رێک و جوان ماونەتەوە کە خاوەنەکەی پارەیەکی زۆری تێدا خەرج کردووە.

بەڕێز دەڵێ، ئێمە لە نێوان کۆمپانیای جێبەجێکار و شارەوانی ماوینەتەوە و کەسیان خۆیان ناکەن بە خاوەنمان کە لە ئێستا دا تەنیا داوای قیرتاوکردنی شەقامەکە دەکەین.

لەسەر دۆخی پڕۆژەکە پەیامنێری 964 یوەندی کرد بە کۆمپانیایی بەڕێزەوە، کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، بەڵام پێیان راگەیاند، کە نایانەوێ لەسەر ئەو پڕۆژە هیچ بڵێن، بەڵام سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت به 964ـی وت، بەپێی رێکەوتن پڕۆژەکە سەدا 50ـی لە ئەستۆی ئێمەیە و ئەویتر لە ئەستۆی حکومەتە، ئێمە ئەوەی لەسەرمان بوو جێبەجێمان کردووە، بەڵام ئەو بەشەی کە حکومەت دەبێت جێبەجێی بکات، نەکراوە.

بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی درووست لەسەر ئەم پڕۆژە تەمەن درێژە تەواو نەکراوە پەیوەندیمان بە تارق حەیدەری قایمقامی قەزای کۆیەوە کرد و پێی وتین، مەلەفی ئەم پڕۆژەیە لای ئێمە نیە و لای وەبەرهێنانی هەولێرە و هیچ پەیوەندیەکی بە شارەوانی و قایمقامی کۆیەوە نیە.

بۆ گەیشتن بە ناوەڕۆکی بابەتەکە پەیوەندیمان کرد، بە سامان عارەب بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر، ئەویش ئامادە نەبوو لەسەر ئەم پڕۆژە قسە بکات.

نزیکەی حەفتا ماڵ ئێستا لە پڕۆژەی هاموون سیتی نیشتەجێن، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی خانووەکانی پڕۆژەکە زیاترە لە 100 خانوو، کە بەشێکی زۆریان تا ئێستا کەلاوەن و تەواو نەکراون، بەشێک لە دانیشتووانی پڕۆژەکە تا لەکۆی 50 ملیۆن دیناری کۆی گشتی پارەی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، تا ئێستا 25 ملیۆن دیناریان داوە بە کۆمپانیاکە.

کە ئەو بڕە پارە لە ئێستادا لەناو شارەکە خانوێکی گونجاوی لە گەڕەکێکی گونجاو پێ دەکڕدرێت، بەڵام لەم پڕۆژەیە تا ئێستا هەر لە وێرانەیەک دا دەژین، وەک دانیشتووانی پڕۆژەکە خۆیان دەیڵێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

کۆمپانیایەک لە کۆیە چوار مانگه موچەی کرێکارەکانی نەدا...

کۆمپانیایەک لە کۆیە چوار مانگه موچەی کرێکارەکانی نەداوە