"حەوت ملیۆن دارە و ژینگەی پایتەخت پاک دەکاتەوە"
یەکەم دار لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر چێندرا
964+
شۆڕش قادری
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم داری لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.10.2025 لە رێوڕەسمێکدا یەکەم داری پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، چێندرا و دواتریش بەسەدان کرێکار و ژینگەپارێز قۆڵیان لێ هەڵماڵی و دەستیان کرد بە چاندنی نەمامەکان، بەو هیوایەی ژینگەی پایتەخت ساف و پاک بکەنەوە.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی نزیکەی 78 کیلۆمەتر درێژە و بەدەوورى هەولێر و شەقامى 150 مەترى دەسوڕێتەوە، تیایدا حەوت ملیۆن دارى زەیتون و فستق دەچێندرێت.
فەرمانگەى میدیا و زانیارى بڵاوى کردووەتەوە، بەپێى خەمڵاندنەکان، پڕۆژەکە دەتوانێت ساڵانە 140 بۆ 210 هەزار تۆن، دووەم ئۆکسیدى کاربۆن کەم بکاتەوە و سیمایەکى جوان بە هەولێر ببەخشێت.
بەگوتەی هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر کە پێشتر قسەی بۆ 964 کردووە، هەوڵ دەدەن لە وەرزی نەمام چاندنی ئەمساڵ هەموو دارەکان بچێنن ئەگەر فریا بکەون، ئەگەریش نا ئەوا ساڵی داهاتوودا کارەکە تەواو دەکەن.