"تەرمی کەسێکیان هێشتا نەناسراوەتەوە"
گیانلەدەستدانی سێ کەس لە رووداوی هاتوچۆکەی شەوی رابردوو پشتڕاست کراوەتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە رووداوی هاتوچۆکەی شەوی رابردووی سەر رێگای هەولێر – کەرکوک گیانلەدەستدانی سێ کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە دوو کەسیان مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ و گەنجێکی دانیشتووی خەڵکی هەولێرن، ئەوەی دیکەشیان شۆفێری کیایەکی دووتەنییە و ناسنامەی دیار نییە.
زانیاری نوێ لەبارەی رووداوی هاتوچۆکەی سەر رێگای هەولێر - کەرکوک
درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگای هەولێر – کەرکوک، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری جیتا خۆی بە تانکەرێک و کیایەکی دووتەنییەکدا کێشا و سەرەتا وا بڵاوبووەوە کە لە رووداوەکەدا چوار کەس سووتاون و گیانیان لەدەستداوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.10.2025 ، 964 بەدواداچوونی وردی بۆ رووداوەکە کرد، شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، ئەوان تەنیا تەرمی سێ کەسیان دەرهێناوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراون.
سەرچاوەیەک لە پزیشکی دادی هەولێر بە 964ـی وت، “لەو سێ کەسە، تەرمی دوو کەسیان ناسراوەتەوە کە مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ و گەنجێکی تەمەن 18 ساڵن و دانیشتووی هەولێرن، ئەوەی دیکەیان بەهۆی رێژەی سووتاوییەکەی نەناسراوەتەوە و ناشزانرێت کەسوکاری کێن”.
964 سۆراغی زیاتری کرد و پرسەی ئەو مێردمنداڵەی دۆزییەوە کە لە گەڕەکی ژیانی هەولێرە، تەحسین حەسەن باوکی ئەو مێردمنداڵە قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “نزیکەی کاتژمێر 11:10 خولەکی شەو بوو، بۆ کڕینی پێداویستی ناردمانە دوکان، کە رۆیشتەدەر نەهاتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە تەلەفۆن لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و کاتێک چووەنەتە پزیشکی دادی، لەڕێی ناسنامەی هاوڕێکەی، کوڕەکەیان ناسیوەتەوە.
تەحسین حەسەن وتیشی، کوڕەکەی ئۆتۆمبێلێ پێ نەبووە و هاوڕێکەی شۆفێری کردووە و دەڵێن، ئۆتۆمبێلی وەستاکەی بووە دەعمیان پێکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری