لەدوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی
ئاژەڵە کێوییەکانی باتیفا بێ ترس دەرکەوتوونەتەوە
964+
شڤان عەبدوڵا
بە بەلاش ئەو قسەیە نەکراوە کە دەڵێن، شەڕوشۆڕ تەنیا ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمە بۆ ژینگەش راستە، ئەوەتا دوای ئارام بوونەوەی دۆخی ناوچە سنووریەکانی زاخۆ، ئاژەڵە کێوییەکان لەو شاخ و کێوە دەرکەوتوونەتەوە و ژینگەی ناوچەکەیان جوانتر کردووە.
ئێستا پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پارتی کڕیاکارانی کوردستان و تورکیا لە ئارادایە بۆیە لە ناوچە شاخاوییەکانی باتیفای زاخۆ جگە لە دەرکەوتنی پڵنگ، ورچ و بزنە کێوی، گورکیش دەرکەوتووەتەوە و گەشتیاران بینیویانە.
ناوچە شاخاوییەکانی قەزای باتیفا ژمارەیەک گوندی هاوسنوور لەگەڵ تورکیا لەخۆ دەگرێت، هەر لە گوندی بانکێ تا دەگاتە گەلی پسئاخا کە ناوچەیەکی شاخاوی سەختن و کەشوهەوای ناوچەکە بەتەواوەتی جیاوازە، بەراورد بەسەنتەری شار.
کامیران ساڵح، دانیشتوویەکی شاری زاخۆیە بە گەشت چووەتە گوندی کەشانێ، ڤیدیۆی گورگێکی زەرد و رەشی تۆمارکردووە و بۆ 964ـی ناردووە و وتی، “سەرەتا ئاژەڵێکمان بینی وامانزانی رێوییە، دواتر دەرکەوت گورگە و لە ترسا شوێنەکامان جێهێشتووە”.
لای خۆیەوە هاشم عومەر موختاری گوندی کەشانێ بە 964ـی وت، ماوەیەکی زۆرە گورگمان نەبینیوە، ورچ و بەرازمان بینیوە و چەند جارێک جوتیار و خاوەن هەنگی گوندەکەمان زیانیشیان بەرکەوتووە بەهۆی رەوە بەراز و ورچەکانەوە، بەڵام بۆ گورگ ئێستا زانیومانە هەیە.
گوندی کەشانێ ناوچەیەکی شاخاوی سەخت و کەش و هەوایەکی تەواو جیاوازی هەیە، بەجورێک لەهاوینان 10 پلە و زیاتریش بەراورد بەسەنتەری شاری زاخۆ فێنکترە، لەزستانانیش ئەگەر زۆپای دار نەبێت گوند نشینەکان ناتوانن لەوێ بمێننەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی