سودانى سێ ساڵە سەرۆک وەزیرانى عێراقە

فرۆشتنى نەوتى هەرێمى راگرت و هەر خۆیشى هەناردەى کردەوە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کابینەى محەمەد شیاع سودانى، ئەوەش دواى ئەوەى پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی 2022، بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بەخشی بە کابینەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی.

پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2022، دوای هەڵبژاردنی لەتیف رەشید وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، ناوبراو دەستبەجێ محەمەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپارد.

بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو ماوەی 30 رۆژی لەبەردەستە بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی بە پەرلەمان و وەرگرتنی متمانە.

دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکومەتەکەی سودانی بە ئامادەبوونی 253 پەرلەمانتار و هەروەها سەرۆک کۆمار لەتیف رەشید و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فائق زێدان، بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا، سودانی کارنامەی حکومەتەکەی پێشکەش بە پەرلەمانتاران کرد و پاشان دەنگدان لەسەر وەزیرەکان کرا.

کابینەی حکومەتەکەی سودانی لە 23 وەزارەت پێکدێت، کە پشکەکان بەسەر لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان و پێکهاتەکان دابەشکراون.

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی نوێ رۆژێک دوای متمانە وەرگرتن، لە 28ی تشرینی یەکەمی 2022، ئەنجامدرا، لەو کۆبوونەوەیەدا، محەمەد شیاع سودانی جەختی لەسەر جددیەتی حکومەتەکەی کردەوە و داوای لە سەرجەم وەزیرەکان کرد کە لە ماوەی یەک هەفتەدا سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن.

یەکێک لەو کارانەى حکومەتەکەى سودانى کردى، راگرتنى فررشتنى نەوتى هەرێم بوو لەرێى تورکیاوە، هەر لەسەردەمى کابینەکەى ئەویشدا، هەرێم و بەغدا لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوت رێککەوتن، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر سەرپەرشتى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عیراق (سۆمۆ)دا.

سودانى لیژنەیه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ى بۆ كوشتنى كاندیده‌...

سودانى لیژنەیه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ى بۆ كوشتنى كاندیده‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق پێكهێنا