دواى زیاتر لە 30 ساڵ
کۆما ئاماد گەڕانەوە زێدی خۆیان و کۆنسێرتی گەورە لە ئامەد سازکرد
964+
ژووری هەواڵ
حەوت گەنجی کورد، کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا خەونێکی گەورەیان بۆ گەیاندنی دەنگی ئاواز و گۆرانی کوردی بە هەمووان لە دڵدا بوو، سەرەنجام پاش زیاتر لە سێ دەیە لە تاراوگە، گەڕانەوە زێدی خۆیان.
ساڵی 1988 لە ئەنقەرە، ئەو حەوت خوێندکارى زانکۆ، بڕیاریاندا گرووپێکی موزیکی کوردی بە ناوی “کۆما ئاماد” دروست بکەن، بەڵام ماوەیەکی کەم پاش ئەوەی لە ساڵی 1990 یەکەم ئەلبوومیان بە ناوی “کولیلکا ئازادیێ” (گوڵاڵەی ئازادی) بڵاوکردەوە، ناچار بوون تورکیا و باکووری کوردستان جێبهێڵن.
لەو سەردەمەدا کە هەموو هێما و سیمبولێکی کوردبوون قەدەغە بوون، بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێک بەو ناوە بووە هۆی ئەوەی هەڕەشەی گرتن و راوەدوونان لەو حەوت گەنجە بکرێت و ناچاربوون روو لە ئەوروپا بکەن، بۆ زیاتر لە 30 ساڵ، ئەوان لە وڵاتی خۆیان دوورکەوتنەوە، بەڵام گۆرانی و ئاوازەکانیان، کە پڕ بوون لە ئازار و ئاوازی ئازادی، بوونە بەشێک لە دڵ و سەر زاری خەڵکی کوردستان، لە ماوەی ئەو ساڵانەشدا، لە کۆنسێرت و چالاکییە هونەرییەکان دانەبڕان.
پێش دوو رۆژ، ئەو حەسرەتی دوورکەوتنەوە درێژەخایەنە کۆتایی هات و ئەندامانی کۆما ئاماد لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئامەدەوە گەڕانەوە باکووری کوردستان. بە پەرۆشییەکی زۆرەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، تا رادەیەک کە کاتێک سەردانی فرۆشگای یانەی ئامەد سپۆریان کرد، خەڵک نۆرەی گرتبوو بۆ وەرگرتنی واژۆی ئەندامانی گرووپەکە لەسەر درێسی یانەکە.
هەر ئەمشەو، کۆما ئاماد کۆنسێرتێکی گەورە لە جەرگەی شاری ئامەد بەڕێوەچوو، گرووپەکە رایانگەیاندووە کە دەیانەوێت ئەو ژیانەی ماویانە، لەناو ئاشتی و ئارامیدا لە باکووری کوردستان بەسەری ببەن، و ئەو ئاواز و گۆرانیانەی بۆ چەندین ساڵ لە قوڕگیاندا قەتیس بوون، پێشکەش بە خەڵکی ئامەد و دایکانى ئاشتى بکەن.