دیمەنێکی قەزای کەلار لە گەرمیان - وێنە؛ ئەرشیفی 964
"راوچییەکان هەڵاتن"
لە گەرمیان لاشەی ئاسکێک لەناو ماڵێک دۆزرایەوە و خاوەن ماڵەکەش دەستگیر کرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە گوندی مەرکەز سەربە ناحیەی قۆرەتو لە ئیدارەی گەرمیان، لاشەی ئاسکێک لەناو ماڵێک دۆزرایەوە و خاوەن ماڵەکەش دەستگیر کرا.
ھاوڕێ جەلیل بەرپرسی بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە 964ـی وت، “شەوی رابردوو لە گوندی مەرکەز چەند تەقەیەک کرا، گومانمان کرد راوچی بێت، رۆیشتینە گوندەکە و کەللەی ئاسکێکمان دۆزیەوە، بەڵام راوچییەکان ھەڵھاتن”.
“پۆلیسەکان راوچیەکانیان بینیبوو کە رۆیشتبوونە ماڵێکەوە، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر رۆیشتین ماڵەکەمان پشکنی و لاشەی ئاسکێکمان دۆزییەوە، ماڵەکەش بەس کوڕەکەیانی لێبوو و راوچییەکان رایانکردبوو، کوڕی ماڵەکەمان دەستگیرکرد”، هاوڕێ جەلیل وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەیانزانیوە راوچییەکان چەند کەس بوون، بەڵام ئۆتۆمبێلێک و دوو ماتۆڕسکیل و دوو چەکیان بەجێھێشتووە، دەستیان بەسەرداگرتوون و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ راوچییەکان دەرچووە.
ھاوڕێ جەلیل وتیشی، کوڕی ئەو ماڵەش کە دەستگیر کراوە، پێشینەی راوکردنی ھەیە و لەناو مۆبایلەکەی ڤیدیۆی راوکردنی تێدابووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری