سێ یاریزان سكاڵا له‌سه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر تۆمار ده‌كه‌ن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

سێ یاریزانی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر هه‌یانه‌، سكاڵایان تۆمار كردووه‌ و بڕیاره‌ سبه‌ی له‌ باره‌گای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر بكرێت.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ یاریزانانی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر، لوئه‌ی سه‌ڵاح، موسه‌ننا خالید و سه‌عد عه‌بدولئه‌میر، كه‌ له‌ ساڵانی پێشوو، بۆ یانه‌ی هه‌ولێر یارییان كردووه‌، به‌شێك له‌ پاره‌ی گرێبه‌سته‌كانیان له‌ یانه‌ی هه‌ولێر وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ له‌ دادگاكانی به‌غدا سكاڵایان له‌سه‌ر یانه‌كه‌ تۆمار كردووه‌ و داوای پاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، ئه‌و یاریزانانه‌ پێشتر له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی وه‌رزشی “كاس” سكاڵایان له‌سه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر تۆمار كردبوو، به‌ڵام به‌هۆی دواكه‌وتنیان له‌ سكاڵاكه‌، دادگاكه‌ سكاڵاكانی ره‌تكردبووه‌وه‌.

ئیبراهیم قادر، به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ تۆڕی 964ی وت، بۆردی یاسایی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌غدان و به‌ده‌م ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ چوونه‌.

وتیشی، “راسته‌ ئه‌و یاریزانانه‌ مافی داراییان له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ حاڵی حازردا مه‌حاڵه‌ وه‌ك یانه‌ بتوانین ئه‌و پاره‌یه‌ دابین بكه‌ین، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان رێكبكه‌وین و چاره‌یه‌كی گونجاو بدۆزینه‌وه‌”.

“ئه‌و پاره‌یه‌ هی ساڵانی 2013 و 2014یه‌ و پێش شه‌ڕی داعشه‌، دوای ئه‌و كاته‌ یانه‌كه‌مان و زۆربه‌ی یانه‌كانی دیكه‌ دووچاری قه‌یرانی دارایی بوون، بۆیه‌ قه‌رزاری ئه‌و یاریزانانه‌ین”.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، ته‌نیا قه‌رزی لوئه‌ی سه‌ڵاح 450 ملیۆن دیناره‌.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی رابردوو به‌ پاڵپشتیی پارێزگای هه‌ولێر قه‌رزی چه‌ند یاریزان و راهێنه‌رێكی دیكه‌شی داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا قه‌رزی دیكه‌شی له‌سه‌ر ماوه‌.