لە کوێستانەکانی سۆران
نەوت دابەش دەکرێت و بەدڵی هاوڵاتیان نییە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە ناوچە ساردەکانی سنووری سۆران دابەش کردنی نەوت دەستی پێکرد، بەڵام شێوازی دابەش کردنی بە دڵی هاوڵاتیان نییە و ناڕازیشن لە نرخ و بڕەکەی.
هەر ماڵێک 200 لیتر وەردەگرێت نرخەکەی بە 103 هەزار و 500 دینارە و هاوڵاتیان دەبێت خۆیان بچن لە بەنزیخانەکان وەریبگرن، ئەمەش بە دڵی خەڵکەکە نیە، لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت، ئەمە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانە و زیادکردنی بڕە نەوتی ساڵانەش لە دەسەڵاتی ئەوان نیە.
موحسین قادر، دانیشتوویەکی گوندی کەڵێتەیە لە وەرتێ و بۆ 964 دەڵێت، ”نەوتمان وەرنەگرت بەڵکو پێمان فرۆشرا، لە ئەمریکاش نرخی نەوت ئاوا گران نیە، وەرگرتنیشی لە بەنزیخانەکان باری هاوڵاتی قورس کردووە و نرخەکەی زیاتر لەسەر ئێمە کەوتوە”.
کامەران حەمەد، دانیشتوویەکی دیکەیە و دەڵێت، هەر ماڵێک لێرە ساڵانە پێویستی بە پێنج بەرمیل نەوتە، بەرمیلێک بەشی هیچمان ناکات، پارە و موچەش نیە خەڵک نەوتی پێ بکڕێت.
لەسەر ئەو بابەتە، ئەمیر شانەدەری بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران، بە 964ـی وت، دابەش کردنی نەوت لە بەنزیخانەکان لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانە، ساڵانە کە بە تانکەر دابەش دەکرا لە گوندەکان لە عدادی تانکیەکان فێڵ لە هاوڵاتیان دەکرا و 200 لیتری تەواویان پێ نەدەدرا.
هەرچی دەربارەی زیادکردنی بڕە نەوتی ساڵانەیە، نەوت و کانزاکانی سۆران دەڵێت، ئێمەش داوای نەوتی زیاترمان کردووە، چونکە ناوچەکە ساردە، بەڵام زیادکردنی لە دەسەڵاتی ئێمە نییە و تەنیا ئەوەی بۆمان دێت دابەشی دەکەین.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر