قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە
لە سیتەک رێگەی بەدیل دروست دەکرێ
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بۆ ئەو قەرەباڵغییەی لە سیتەک بە تایبەت لە پشوو و بۆنەکاندا هەستی پێ دەکرێ، رێگەوبانی سلێمانی پلانی هەیە، جگە لە رێگەی تونێل رێگەیەکی نوێ لە وێڵەدەر بۆ دوکانیان رابکێشێ.
ئامانجەکە ئەوەیە، ئەو لۆد و قەرەباڵغییەی لەسەر رێگەی ناوەندی سلێمانی بۆ شارباژێڕ هەیە، بە تەواوی کەمبکاتەوە.
محەمەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی بە 964ی وت، قەیرانی دارایی هۆکار بووە بۆ ئەوەی تونێلی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، یان لەو شوێنانەی کە پێویستی بە دروستکردنی تونێل هەیە، دروست نەکرێ.
بەڵام وەک خۆی ئاماژەی بۆی کرد، وەک رێگەی بەدیل بیرلەوە کراوەتەوە، لەسەر شاخ رێگەی نوێ و هاوکار بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروست بکرێ، تا ئەو لۆدەی لەسەر هاتوچۆی شارباژێڕ بۆ سلێمانی هەیە کەمبکاتەوە.
زۆرێک لەو ناوچانە، باخی کشتوکاڵی، کاری کشتوکاڵی و گوندنشینن و هاتوچۆی بەردەوامی شار بۆ گوندی لێدەکرێ، جیاواز لەوەی لە پشووەکاندا، هاوڵاتییەکی زۆر لە سلێمانی و دەوروبەییەوە دەچنە ناوچە گەشتیارییەکانی شارباژێر یان سیتەک.
داڕشتنەوە: ئەحمەد مستەفا