داتای کۆچ و کۆچبەرانە
عێراقییەکانی هۆڵ گەڕێندرانەوە و 21 کەمپ هێشتا ئاوارەی تیایە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕانەوەی 230 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا لە چوارچێوەی 29هەمین کارواندا راگەیاند و دەڵێ، پلانی گەڕانەوەی سەلامەت بووە و بەبێ تۆمارکردنی هیچ سەرپێچییەکی ئەمنی کۆتایی هات.
کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، بەپێگەی فەڕمی حکومەتی عێراقی وتووە، وەزارەت 230 خێزانی لە کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گەڕاندووەتەوە، لە چوارچێوەی 29هەمین کارواندا، لەسەر بنەمای پلانی لەناوبردنی ئەم کەمپە کە مەترسی لەسەر عێراق و جیهان دروست دەکات”، ڕوونیشی کردەوە کە “مانەوەی دانیشتووان لە کەمپەکەدا بە بۆمبی دواخراو دادەنرێت.
نوری وتی، پڕۆگرامی چاکسازی کۆمەڵگا ڕۆڵی هەبووە لە تێکەڵکردنی گەڕاوەکان و دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، و هیچ سەرپێچییەکی ئەمنی لە نێوانیاندا تۆمار نەکراوە”، ڕوونیشی کردەوە کە “ژمارەی گەڕاوەکان لە کەمپەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە 16 هەزار کەس، کە 10 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانیان، لە کاتێکدا 6 هەزاریان هێشتا لە سەنتەری جدعە بۆ چاکسازی دەروونی ماونەتەوە.
عێراق هێشتا 21 کەمپی ئاوارەکانی تێدایە، لەوانە 15 کەمپ لە دهۆک و 6 کەمپ لە هەولێر، و نزیکەی 20 هەزار خێزان تێیدا نیشتەجێن کە زۆربەیان خەڵکی قەزای شنگالن، نور دەڵێ، وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی حکومەت بۆ داخستنی کەمپەکان لە رێگەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.