ژمارەیەک مامۆستاى ئاینى لە عومرە
1000 مەلاى تر دەنێردرێن
500 مەلا لەسەر حسابى حکومەت گەشتى عومرەیان کردووە
964+
وریا فەتاح
لەماوەى کابینەى نۆدا، 500 مامۆستاى ئاینى بەبێ بەرامبەر و بەخۆرایى گەشتى عومرەیان بۆ رێکخراوە، پلانیش وایە تا رەمەزانى داهاتوو، 1000 مەلاى دیکەش گەشتى عومرەیان بۆ رێکبخرێت.
کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان رایگەیاند،” بەمەبەستی هاوکاریکردنی مامۆستایانی ئایینی و زیاتر گرنگیپێدانیان لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەشتی عومرەمان بۆ زیاتر لە 500 مامۆستای ئایینی بە شێوەیەکی خۆڕایی رێکخستووە.”
دەشڵێت: ئەگەر پرۆسەی عومرە لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چاوەڕوان دەکەین تا مانگی رەمەزانی پیرۆز نزیکەی 1000 مامۆستای ئایینی لە گەشتکردن بە شێوەی خۆڕایی سوودمەند ببن.
هەر عومرە نا، بە وتەى کاروان ستوونى، نزیکەى 200 مەلا و موفتى، پڕۆسەى حەجیان بەخۆڕایى بۆ ئەنجامدراوە.
روونیشى کردووەتەوە، ساڵانە زیاتر لە 40 مامۆستای ئایینی و 5 موفتی بە خۆڕایی بەشداری لە پرۆسەی حەجدا دەکەن بە مەبەستی رێنماییکردنی حاجیان.