بە چی تۆمەتبارە؟
سزاكانی سەر سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپی مەترسی لەسەر وەرزشی عێراق دروست كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
عەقیل مەفتن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لەگەڵ چەند كۆمپانیا و كەسایەتی دیكەی عێراقی سزادراون، ئەم پێشهاتە مەترسی لەسەر وەرزشی عێراق و بەشدارییەكانی داهاتووی دروست دەكات.
عەقیل مەفتن لەدایكبووی 1979یە و خاوەن و دامەزرێنەری بانكی “الاتحاد”ی عێراقە، لە ئەنجومەنی ئۆڵمپیی ئاسیا سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان بووە.
كەسایەتییەكی بەهێزی وەرزشی عێراقە، بەڵام لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، بەوە تۆمەتبارە لە رێگەی بانكەكەیەوە پەیوەندی بە هەندێك هێزی سەر بە ئێران هەیە و یارمەتی سوپای پاسدارانی داوە و پرسی گەندەڵی خراوەتەپاڵ، لە بەرامبەر ئەوەدا ئۆڵمپیی عێراق تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە، ئەمڕۆش لە بەغدا و لە بەردەم لیژنەی ئۆڵمپی، لە لایەن فەرمانبەرانی دامەزراوەكە هەڵمەتی پشتگیرییان بۆ كرد.
بەپێی هەندێك سەرچاوەی نافەرمی، زانیاریی هەیە لیژنەی ئۆڵمپیی نێودەوڵەتیی داوای لێكۆڵینەوەی كردووە، ئاماژە بەوەش كراوە، ئەگەر تۆمەتەكان راست بن، ئەوا لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق و سەرۆكەكەی سڕ دەكرێن.
ئەم پێشهاتە مەترسی لەسەر وەرزشی عێراق هەیە، بە تایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتی، كە دوور نییە وەرزشی عێراق سڕ بكرێت و لە ژێر ئاڵای ئۆڵمپی بەشداریی ئۆڵمپیاد و پاڵەوانیەتییەكانی دیكە بكات.