سەرکوتکار بووە

چوار براى لەسێدارە داوە؛ سەرکردەیەکی باڵای حزبی بەعس دەستگیرکرا

964+

وریا فەتاح

دەزگای هەواڵگری و زانیارییەکانی سەربە دەستەی حەشدی شەعبی، دەستگیرکردنى یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حزبی بەعسی قەدەغەکراویان راگەیاند کە دەستى هەبووە لە چەندین تاوان.

بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی ئەرکە نیشتمانییەکانی دەستەکەدا و بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و ئاشکراکردنی پاشماوەکانی “بەعسی لەناوچوو” ئەنجامدراوە و لەسەر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، و بە سەرپەرشتیی مەیدانیی سەرۆک ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی، عەبدولعەزیز محەمەداوی (ئەبو فەدەك) بەڕێوەچوو.

“دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری کە چەندین هەفتەی خایاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی توانیان “عەبدولڕەزاق حسج عودە” دەستگیربکەن”، لە بەیاننامەکەدا وا هاتووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە عودە یەکێک بووە لە سەرکردە چالاکەکانى دەزگا سەرکوتکەرەکانى رژێمى پێشوو و دەستی لە ئەنجامدانی تاوانی قێزەوندا هەبووە دژی گەلی عێراق.

ئاشکراشى کردووە، یەکێک لەو تاوانانەی خراوەتە پاڵ “عودە”، بەشداریکردن بووە لە لەسێدارەدانی ژمارەیەک هاوڵاتیی بێتاوان، لەنێویاندا چوار برا، هەروەها تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە “چالاکییە قەدەغەکراوەکان کە زیان بە ئاسایشی دەوڵەت دەگەیەنن”.

حەشدی شەعبی دەشڵێت ناوبراو پەیوەندیی بە ئەمینداری گشتیی حزبی بەعسی لەناوچوو هەبووە و بەردەوام بووە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ “عەناسرە بەعسییەکان کە بە نهێنی کاردەکەن بۆ تێکدانی سەقامگیری و چاندنی ئاژاوە”.

لە کۆتاییدا، حەشدی شەعبی داوای لە کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووان کردووە کە روو لە دامەزراوە دادوەرییە تایبەتمەندەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی دژی “ئەم تاوانبارە”، تاوەکو دادگایی بکرێت و سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.

رزگاربوویەکى ئەنفال و چیرۆکى قامچییەکەى حەجاج

رزگاربوویەکى ئەنفال و چیرۆکى قامچییەکەى حەجاج