دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
نەدرایە ترەمپ
كۆشكی سپی رەخنەی لە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەیە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆشکی سپی ڤەخنەی لە بڕیارەکەی لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ گرت کە ئەمڕۆ هەینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشی بە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا لە بری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
ستیڤن چونگ، وتەبێژی کۆشکی سپی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاندووە، سەرۆک ترەمپ بەردەوام دەبێت لە ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و رزگارکردنی ژیانی خەڵک.
“ئەو دڵێكی گەورەی بۆ كاری خێر هەیە، هەرگیز کەسێکی دیکە وەک ئەو نابێت، کە بتوانێت بە هێزی ئیرادەی تەواوەوە شاخەکان بجوڵێنێت”، چونگ وای نووسیوە.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ سەلماندوویەتی کە سیاسەت لە پێش ئاشتی دادەنێت.
ئەمڕۆ هەینی 10.10.2025، لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نەرویج رایگەیاند، ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی مافە دیموکراسییەکان لە وڵاتێکی دڕندە و پاوانخوازدا کە تووشی قەیرانی مرۆیی و ئابووری بووە.
کۆمیتەی نۆبڵ لە راگەیاندراوێكدا دەڵێن، “کاتێک ستەمکاران دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن، دەبێت رێز لە بەرگریکارە بوێرەکانی ئازادی بگیرێت، کە هەڵدەستن و بەرەنگاری دەبنەوە”.
ماچادۆ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن تیمی میدیایی خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، دوای ئەوەی هەواڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێگەیشتووە، “شۆک بووە”.
سەرۆكی ئەمریكا ئەمساڵ زۆر بەهیوا بوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێ و خۆی بە شایستە دەزانێت، بە تایبەتی دوای هەوڵەكانی بۆ راگرتنی شەڕ لە نێوان روسیا و ئۆكرانیا، هەروەها بەرپاكردنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس.