حەساونەتەوە

دانیشتووانی گەڕەك لەلای حەمید عەلی سەوزەی سفرە و خوانەكانیان دەبەنەوە

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

حەمید عەلی، ماوەی شەش ساڵە لە باخچەكەی بەردەم ماڵەكەی خۆیدا، بە رووبەری 500 مەتر باخچەیەكی لە سەوزەوات لە گەڕەكی گوڵە باخی سلێمانی بەرهەمهێناوە و وەك خۆی دەڵێت، سەوزەكەی پاك و تەمیزە و بە ئاوی بیر ئاوی دەدات، خەڵكی گەڕەكیش لە سەوزەكە رازین و رۆژانە لە سەوزەكە دەبەنەوە بۆ سەر سفرە و خوانەكانیان.

لە باخچە پڕ سەوزاییەكەدا، هەریەك لە كەوەر، كەرەوز، مەعدەنوس، تەڕەتیزە، نەعنا، جەڕجیر، سڵق و ئەوەی سەوزەوات بێت لای دەست دەكەوێت.

لە فیچەرێكی 964دا، حەمید عەلی كە پیاوێكی بە دەست و بازوو و خاوەن كاری خۆیەتی، باس لە بیرۆكەی دروستكردنی باخچەكە بۆ 964 دەكات و وتی، بینیم ئەم زەوییەی كە حكومەت بۆ باخچەی داناوە، پڕی بووە لە خۆڵ و خاشاك، بیرمكردەوە بۆچی نەیكەم بە سەوزەوات، سەرەتا بەشێكی بچوكی باخچەكەم كردە كەوەر و كەرەوز، دواتر لەسەر داواكاری خەڵكی گەڕەك رووبەری كارەكەم زیادكرد، چونكە دەیانزانی كە سەوزەكە پاك و تەمیزە و پێویستیان بە چوونە بازاڕیش نامێنێت، هەر كەسێكیش بێت بۆ سەوزە كڕین دڵی ئەبەین بەڕێوە و دڵی كەس ناشكێنین.

دەشڵێت، شەش منداڵم بەڕێكردووە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و تەنیا خۆم و هاوسەرم بەیەكەوە ماوین، بۆیە قەناعەتمان بە كارەكە كردووە و هەرچەندێك خوا رسق بدات سوپاسی دەكەین.
بەڕێوەبردنی باخچەكەش بەتەنیا ناكرێت، هاوسەرم هاوكارێكی باشمە و رۆژانە ئاودێری و سەرپەرشتیم بۆ دەكات، دامەزراندنی ئیشەكەش تەنیا بۆ بژێوی و بەرژەوەندی خۆم نییە، بەڵكو بەشێكیشی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی بەردەوامیمان بەكارەكە داوە، حەمید عەلی وای وت.

ئەو خاوەن باخچەیە ئەوەشی خستەڕوو، رۆژانە نزیكەی پێنج كاتژمێر لەناو باخچەكە كاردەكات، سەوزە تەڕو جوانەكەی بۆ دراوسێكانی دەڕنێت و یەك عەلاگەیان بۆ پڕ لە سەوزە دەكات و بە هەزار دینار دەیفرۆشێت، لەكۆتایشدا دوای بەرێكردنی خەڵك و دراوسێ پێش ئەوەی باخچەكە جێبهێڵین، بەئاوی بیر تێر ئاوی دەكەین و تا رۆژی دواتر كارەكەمان كۆتایی دێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

"بەخوا پارە ناکات"؛ شوتییە پاییزەکەی شارەزوور پێگەیشت