“كه‌لـله‌سه‌رى ژنێكی نیاندرتال ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ هه‌ولێر”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

تا دێ ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر نهێنی نه‌بیستراوى تێدا ئاشكرا ده‌كرێن، له‌دوایین لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا، ئاشكرابووه‌ كه‌ جۆرێكی دیكه‌ى مرۆڤى نیاندرتال به‌ناوى (زێد) دۆزراوه‌ته‌وه‌ و مێژووى جیۆلۆجیی ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ بۆ 110 هه‌زار ساڵى پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر ‌یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن زانكۆى كۆڵۆمبیاى ئه‌مریكی ساڵى 1951 دۆزرایه‌وه‌، زانایانى ئه‌و زانكۆیه‌ ماوه‌ى 10 ساڵ كاریان له‌و ئه‌شكه‌وته‌ كردووه‌، له‌وماوه‌یه‌ نزیكه‌ى 10 ئیسكه‌په‌یكه‌رى مرۆڤى نیاندرتالى لێ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ مێژووى مرۆڤى نیاندرتالیان بۆ 45 تاكو 60 هه‌زار ساڵ گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

به‌ڵام به‌پێی دوایین لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ زانكۆی كامبریدجی به‌ریتانى ئه‌نجامىداوه‌، ته‌مه‌نى مرۆڤ بۆ 75 هه‌زار ساڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، به‌تۆڕى964، ئاشكراى كرد كه‌، ئه‌وه‌ى زانكۆى به‌ریتانى كردویه‌تى دۆزینه‌وه‌ى جۆرێكی دیكه‌ى مرۆڤى نیاندرتاله‌ به‌ناوى مرۆڤى (زێد)، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ى كه‌لـله‌سه‌رى ژنێكی ته‌مه‌ن 40 بوو، ده‌شڵێت “به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ئه‌وه‌ ئاشكرابووه‌ كه‌ مرۆڤى نیاندرتال له‌ ته‌مه‌نى 40 ساڵیدا پیربووه‌، چونكه‌ ئه‌و ژنه‌ش پیر بوو. هه‌ر له‌رێگه‌ى ئه‌و ئافره‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا بوو كه‌ ته‌مه‌نى ئێسكه‌په‌یكه‌رى ئه‌و ئافره‌ته‌ 75 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره”‌.

‌ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ “بڕیاره‌ سه‌رى ئه‌و ژنه‌ له ‌مانگی ئادارى ئه‌مساڵ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان”.

به‌قسه‌ى شوێنه‌وارى سۆران، كارى زانكۆ به‌ریتانیه‌كه‌ له‌هه‌مان ئه‌و چاڵه ‌بووه‌ كه‌ پێشتر زانكۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ كاری تێداكردووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێ “چاڵه‌كه‌یان سه‌رله‌نوێ هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ مه‌ترێك زیاتر قوڵتریان كردووه‌  و پیشكنینه‌كانى جۆرى كاربۆن 14 و رادیۆ كاربۆن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌كارهێناوه‌، كه‌ پێشتر ئه‌و پشكنینانه‌ نه‌بووه‌”.

وتیشی “هه‌ر به‌هۆى ئه‌و پشكنینانه‌وه‌ له‌و چاڵه‌دا ئه‌وه‌شیان بۆ ئاشكرا بووه‌ كه‌ مێژووى ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ له‌رووى جیۆلۆجییه‌وه‌ بۆ  110 هه‌زار ساڵى جیۆلۆجی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌”.

عەبدولوەهاب سلێمان، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كى هه‌یه‌ بۆ پاراستنى ئێسكه‌په‌یكه‌ر و پاشماوه‌كان، به‌جۆرێك كه‌ له‌ شوێنه‌كانى دیكه‌ى دونیا، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ نیه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و سروشت و ژینگه‌ تایبه‌ته‌ى كه‌ ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ بۆ پاراستنى پاشماوه‌كان‌ هه‌یه‌تى.