ئەمڕۆ براوەی نۆبڵ یەکلادەبێتەوە

ترەمپ چاوەڕێی هاتنەدی خاونەکەی دەکات

964+

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ هەینی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی رادەگەیەندرێت، ترەمپ چاوەڕێی هاتنەدی خاونەکەی دەکات بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.

پێشتر چوار سەرۆکی ئەمەریکا  نۆبڵی ئاشتییان بردووەتەوە، ئۆباما، کارتەر، وێڵسن، رۆزفێڵت، ترەمپ دەیەوێت ببێتە پێنجەم سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.

رێکەوتننامەی غەزە چوارشەممە سەریگرت، بەڵام دوو رۆژ پێشتر، واتە دووشەممە بڕیار لەناوی براوە دراوە، بۆیە کاریگەری زۆر لەسەر دیاریکردنی ناوی براوە نابێت.

بەشێک لەوانەی شارەزاییان هەیە دەڵێن: دەرفەتی ترەمپ بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە کەمە، چونکە سیاسەتەکانی دژی سیستەمی نێودەوڵەتییەو چەند جارێک خۆی پشتوانی لایەنە شەڕکەرەکان بووە.

کاندیدە بەهێزەکان بۆ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2025 چەند رێکخراوێکی مرۆڤ دۆست و مافپەروەرن، وەک تیمی ئۆپەراسیۆنی کتوپڕی سودانی، کۆمیسیۆنی پەنابەران، یونسێف، خاچی سوور، پزیشکانی بێسنوور، یان ئەو رێکخراوانەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان دەکەن.

کشانەوەی ترەمپ لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکەتننامەی پاریس بۆ کەشوهەواو شەڕە بازرگانییەکانی، پێچەوانەی وەسێتەکەی ئەلفرێد نۆبڵە بۆ بەخشینی خەڵاتەکە.

لیژنەی دیاریکردنی خەڵاتی نۆبڵ لە پێنج کەس پێک هاتوون، هەتا رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک ناوی کاندیدەکان وەردەگرێت و بە درێژایی چەند مانگێک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات تا ئەو کاتەی لە مانگەکانی ئاب یا ئەیلول یاخود تشرینی یەکەم ناوی براوە رادەگەیەنێت.

سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت: هەموو سیاسەتمەدارەکان دەیانەوێت خەڵاتەکە ببەنەوە، بەڵام لیژنەکە پێوەری خۆی هەیە و ناکەوێتە ژێر هیچ فشارێکەوە.