"به‌رپه‌رچی هێرشى چه‌كدارانى دیمه‌شقمان داوه‌ته‌وه‌"

ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاواى كوردستان ئه‌و ناوچه‌ كورديانه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ رووبه‌ڕوبونه‌وه‌یان تێدا روويداوه‌ ‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان ئه‌و ناوچه‌ كوردیانه‌ى شارى حه‌له‌ب ئاشكرا ده‌كات كه‌ به‌هۆى هێرشی چه‌كدارانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى سوریا نائارامن و ده‌شڵێت “به‌رپه‌رچی هێرشه‌كانمان داوه‌ته‌وه‌ و رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌”.

هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، كه‌ سه‌ر به‌ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شێخ مه‌قسود و ئه‌شره‌فییه‌، سه‌باره‌ت به‌ هێرشی چه‌كدارانی حكومه‌تی دیمه‌شق بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كانی حه‌له‌ب بڵاویكرده‌وه‌، هێرشه‌كه‌ بازگه‌ی جزیره‌ و نه‌خۆشخانه‌ی یۆنانی و به‌ری جه‌لای به‌ ئامانج گرتووه‌ و شه‌ڕی سه‌خت روویداوه‌ و “هێزه‌كانمان توانیویانه‌ ناوچه‌كان بپارێزن و به‌رپه‌رچی هێرشه‌كان بده‌نه‌وه‌”.

رووبه‌ڕوبونه‌وه‌كان‌ له‌ ناوچه‌ی  لێرامۆن و گۆڕه‌پانی شه‌یحان ده‌ستیانپێكردوه‌ و پێكدادان به‌رده‌وامه‌، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك و پابه‌ندبوون به‌ پاراستنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی.

دره‌نگانى شه‌وی رابردوش هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ حه‌له‌ب رووده‌دات، ئه‌نجامی راسته‌وخۆی هه‌وڵی گروپه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی كاتییه‌ و ئه‌وان پێشتر سه‌رجه‌م هێزه‌كانیان كشاندوه‌ته‌وه‌ و ده‌شڵێت، “حكومه‌تی دیمه‌شق به‌ به‌رپرسیاری ته‌واو و ڕاسته‌وخۆ ده‌زانن له‌ به‌رده‌وامبونی گه‌مارۆ و پێشێلكارییه‌ سیستماتیكه‌كان دژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی”.