حكومەتی سوریا هێزی جولاندووە

وەزعی گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب ئاڵۆزە و شەڕ هەیە

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە شاری حەلەبی سوریا هێزەكانی حكومەتی كاتی، جوڵەیان بەرەو شاری حەلەب كردووە، ئێستا شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و هەسەدە لە گەڕەكە كوردییەكانی وەك ئەشرەفییە و شێخ مەقسود هەیە.

بە پێی زانیاریی تۆڕی سكای نیوزی عەرەبی، ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكانی سوریا كوژراوە و سێی دیكەش بریندارن.

وەزارەتی بەرگریی سوریاش رایگەیاندووە، هێزەكانیان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان ناردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەكانی هەسەدە و هێزەكانی حكومەتی سوریا لە گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەب “دووەم گەورەترین شاری سوریا” روویدا، ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی هێزەكانی حكومەت چەند رێگایەكی شارەكەیان گرتووە و خۆڵیان لەسەر رێگاكە روو كردووە، ئەمەش هاوڵاتیانی ناوچەكەی بێزار كرد و گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان كرد، دواتریش گەیشتە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری.