توركیا
ژنە هونەرمەندێکی کورد بەهۆی ئاماژەکردن بە “هەرێمی کوردستان” لە فیلمێک دەرکرا
+964
ژووری هەواڵ
هونەرمەند و ئەکتەری کورد لە باکووری کوردستان “گۆنول دیلان” لە پۆستێكی ئینستاگرامەکەیدا باس لەوە دەکات، بەهۆی کۆنسێرتێکەوە کە ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، لە پڕۆژەی فیلمی ”ئاشق وەیسەل” دەرکراوە.
گۆنول ئاماژەی بەوەداوە کە، “چەند مانگێک لەمەوبەر پێشنیازی بۆ کراوە بۆ رۆڵی ژنی یەکەمی گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورک “ئاشق وەیسەل” لە فیلمێکی سینەماییدا، ئەویش بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە ئەو پێشنیازەی قبووڵ کردووە”.
ئەو ژنە هونەرمەندە دەڵێت،” بۆ پڕۆژەکە ئامادە بووم، هەموو کارە پێویستیەکانی سەبارەت بە سیناریۆ و راگەیاندنی کارەکە کراوە و بەشدار بوومە، بەڵام دواتر بەبێ ئەوەی ئاگادار بکرێمەوە، بۆ تۆمارکردنی دیمەنەکان ئاگادار نەکرام و لە کەسی ترەوە بیستم، کە دەرکراوم”.
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی لە فیلمەکە وتی: “هۆکارەکەی ئەوە بوو من لە چالاکییەکی نێودەوڵەتی کە ساڵانی پێشوو بەشداریم تێدا کردبوو، لە هەژماری خۆم لە سۆشیال میدیا شوێنەکەم، هەرێمی کوردستانی عێراق وەک شوێنێک ئاماژە پێداوە و لە ئینستاگرامەکەم بڵاوم کردووەتەوە”.
لەبارەی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵیدا کراوە ئاماژەی بەوەدا، “بە تەواوی لەو قۆناغەی کە باس لە ئاشتی و برایەتی دەکرێت، ئەکتەرێک بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە لە پڕۆژەیەکی هونەری دەردەکرێت.
هێشتا هیواکانمان بۆ ئاشتی، یەکسانی و برایەتی دەشکێنرێ، من ئەکتەرێکم، ژنم و کوردم. بەڵام پێش هەموو شتێک من مرۆڤم. ئەم بارودۆخەی تێیدام، جیاکاری و نەژادپەرستییە.”
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا لە بارەی رۆڵ و گرنگی هونەرمەندەکان دەڵێت، “ئەگەر بێدەنگ بم، ئەم جیاکارییە دەکەمە شتێکی ئاسایی، من بێدەنگ نابم، هونەر دەبێت هەمووان لەخۆ بگرێت، هونەر بۆ جیاکردنەوە نییە بۆ یەکخستنە”.
دەرکردنی من لەم پڕۆژەیە نەک تەنیا دژ بە من، بەڵکو دژ بە هەموو رەنگە جیاوازەکانی ئەم وڵاتەیە و نادادپەروەرییە.” ئەمەش قسەی گۆنول دیلان.