فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمان نامێنێت

دانیشتنی پەرلەمان بە دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار دەستپێدەکات

964+

فەرمان سادق

دانیشتنەکانی پەرلەمانی کورستان بە خستنەڕووی دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و دوو پەرلەمانتاری دیکە دەستپێدەکات.

رۆژی چوارشەممە 1.3.2023، خولی بەهارەی ساڵی پێنجەمی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دەستپێبکاتەوە.

کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە حەوت خاڵ پێکدێت و لە خاڵی کۆتاییدا دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار هەیە کە دەخرێتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لێیان.

لەو حەوت پەرلەمانتارە، پێنج پەرلەمانتاریان ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامین و دووەکەی دیکەش عەلی حەمەسالح و دکتۆر کازم فارقە.

خستنەڕووی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو حەوت پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە پێویستە دەکات پەرلەمانی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بکات کە ناوی شوێنگرەوەکانی بۆ بنێرێت.

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمان نامێنێت

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆن بە تۆڕی964ـی وت، تائێستا بەفەرمی پەرلەمان ئەو داوایەی لە کۆمسیۆن نەکردووە.

وتی “چاوەڕێین رۆژانی داهاتوو بە نووسراو ئەو داوایەمان لێ بکات”.

ئەگەر پەرلەمانتاران دەنگ بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بدەن، ئەو شتێک نامێت لەناو پەرلەمانی کوردستان بەناوی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی.

دەستلەکار کێشانەوەی تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، لەتێکدایە ئێوارەی دوێنێ، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی پێداگری لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو کردەوە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن چاوەڕوانی نووسراوی پەرلەمانە

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە تۆڕی964ـی وت، ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەیەکە قبوڵکرا، ئەوا وەک یەکگرتووی ئیسلامی هیچ کەسێک نانێرینە پەرلەمان بۆ شوێنگرتنەوەمان.

زیاتر وتی “نازانم چۆن کورسییەکانی ئێمە پڕ دەکەنەوە، بەڵام دەزانم هیچ یەکگرتووێکی ئیسلامی ناچێتە پەرلەمان”.

عەلی حەمەسالح دەبێتەوە مامۆستا

یەکێکی دیکەی لەو پەرلەمانتارانەی ناوی هاتووە، عەلی حەمەسالحە، ئەو بە تۆڕی964ـی وت، نەک هەر دەست لەکار دەکێشمەوە، بەڵکو موچەی خانەنشینیشم قبوڵ نییە.

زیاتر وتی “دەگەڕێمەوە پیشەی مامۆستایەتی خۆم”.

لەبارەی دەست لەکار کێشانەوەی دکتۆر کازم فاروق، سەرۆکی پێشتری فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی ئێستای فراکسیۆنەکە بۆ تۆڕی964 قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە.

دەشڵێت: بەپێی ریزبەندی ئەوا کاندیدێکی نەوەی نوێ لەلایەن کۆمسیۆنەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، ئەو ئازادە بچێتە پەرلەمان بەڵام هەڵوێستی نەوەی نوێش ئاگادارە کە بایکۆتی کردووە.

زیاتر وتی “وەک حزب پشتگیری ناکەین بچێتە پەرلەمانێکی ناشەرعی، چونکە بە چوونی یانی شەعیەتدانەوە بە پەرلەمان”.

نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری دوو فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستانن کە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە، سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ بە قسەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان بێت ماوەی چوار مانگە موچەکانیشیان وەرناگرن.