بۆچی هه‌فته‌ى پێشوو دابه‌ش نه‌كرا؟
له سبه‌ینێوه پارەی گەنمی جوتیاران لە هەولێر خەرج دەکرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاره له سبه‌ینێوه جوتیارانى هه‌ولێر ئه‌وانه‌ى گه‌نمیان رادسه‌تى سایلۆكان كردووه چەکى پاره‌ى گه‌نمه‌كانیان وه‌رگرن، دابه‌شكردنه‌كه‌ش هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه ناگرێته‌وه، به‌ڵكو به‌پێی رێژه‌ى راده‌ستكردنى گه‌نمه‌كه‌یانه و به دوو به‌ش دابه‌ش ده‌كرێت.
سایلۆی هەولێر بڵاویكردووه‌ته‌وه، سبه‌ینێ یەکشەممە دابەشکردنی چەکی جوتیاران دەستپێدەکات كه لە زنجیرە یه‌ك ده‌ستپێده‌كات تاوەکو زنجیرەى 150 و پاره‌كانیشیان لە بانکی TBI وەردەگیرێت.
باس له‌وه‌شكراوه، هاوشێوەی سیستەمی سایلۆکان ئەو جوتیارانەی گەنمەکانیان لە 50 تۆن بەرەو خوارە رادەستی سایلۆ کردووە دەتوانن سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنەوەی چەکی پارە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم به 964ـى راگەیاند، سەرەتا پارەی ئەو جووتیارانە دابەش دەكرێت كە 50 تۆن بەرەو خوار گەنمیان رادەستی سایلۆ كردووە، ئەوانەی سەرووی 50 تۆنیانیشیان رادەست كردووە پارەی ئەوانیش دەدرێت.
وتیشی “ده‌بوایه هه‌فته‌ى پێشوو چه‌كى پاره‌كان دابه‌ش بكرابا، به‌ڵام به‌هۆى كێشه لە سیستەمى بانکی بازرگانی عێراقی، دابه‌شكردنه‌كه‌ى بۆ سبه‌ی دواخرا”.
بڕی یەكەمی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی كوردستان 57 ملیار دینارە، 25 ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە، 20 ملیاری بۆ پارێزگای هەولێرە و 12 ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆکە.