گەشتی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی _ وێنە: هێڵی ئاسمانی عێراقی
سەرنشینێكی گەنج گیانی لەدەست دا
فڕۆكەیەكی عێراقی بە ناچاری لە پاكستان نیشتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هاوڵاتییەكی عێراقی كە بۆ چارەسەر رووی لە هیند كردبوو، لە ناو فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی عێراقی گیانی لەدەست دا، بەم هۆیەوە فڕۆكەكە بە ناچاری لە پاكستان نیشتەوە و دواكەوت.
رووداوەكە ئەمڕۆ روویداوە و فڕۆكەكە لە بەسڕە بەرەو بەغدا هاتووە و دواتر بەرەو نیودلهی، بەڵام چوار كاتژمێر لە وادەی خۆی درەنگتر گەیشتە هیند، دوای ئەوەی ناچار بوو لە پاكستان بنیشێتەوە و یەكێك لە سەرنشینەكان گیانی لەدەست دا، كە خۆی نەخۆش بووە و بۆ چارەسەر رووی لە هیند كردبوو.
محەمەد حوسێن یەكێك لە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە بوو، بە 964ی راگەیاند، سەرنشینێكی گەنج لە ناو فڕۆكەكە گیانی سپارد، كە نەخۆش بوو، بۆ چارەسەر دەچووە هیند، زۆربەی سەرنشینەكانیش ئەوانە بوون، كە نەخۆشی درێژخایەنی وەك شێرپەنجەیان هەیە و بۆ چارەسەر دەچنە هیند، بۆیە دواكەوتنی هەر خولەكێكی فڕۆكەكە كاریگەری بۆ سەر نەخۆشەكان هەیە.
وتیشی، چوار كاتژمێر دواكەوتن، زیانی زۆری بۆ زۆربەی نەخۆشەكانی دیكەش هەبوو، بۆیە پێویستە هێڵی ئاسمانیی عێراقی چارەسەری خێرای بۆ بابەت و پێشهاتی لەو جۆرە هەبێت، بۆ ئەوەی سەرنشینەكان بە سەلامەتی و ئارامی بگەنە شوێنی مەبەست.